لە شەوی رابردووەوە ئەمەریكا یەكەم هەنگاوی لە چوارچێوەی سەپاندنی ئەوپەڕی سزا بەسەر ئێران بە بۆردمانكردنی دەیان ئامانجی حوسییەكانی یەمەن دەست پێكرد، كە بە نیاز بوون بە هاوشێوەی سەردەمی جۆ بایدن دەست بە هێرشەكانیان لە دەریای سوور بكەنەوە، شارەزایان پێشبینی دەكەن ئەو سیاسەتە نوێیەی ترەمپ و هەڵمەتە سەربازییەكەی عێراقیش بگرێتەوە.
لە دوای هەڵمەتە سەربازییە فرەوانەكەی ئەمەریكا بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن، چەند گرووپێكی شیعە لە عێراق خۆیان راگەیاند، كە دەست بە كردەی سەربازی لە دژی ئەمەریكا دەكەن و بەرگری لە عێراق و یەمەنیش دەكەن، لە دیمەنێكی هاوشێوەی 2020 لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، كە چەند گرووپێكی شیعە بە ناوی نوێ خۆیان راگەیاند و دەستیان بە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
د.ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسیی عێراقی دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا لە یەمەن كۆتاییان نایەت، چونكە ئەوانە سەرەتای بژارەی سەربازیی ترەمپە بەرانبەر بە هاوپەیمانەكانی ئێران لە ناوچەكە، هێرشەكان بۆ سووككردنی گوشارە لەسەر ئیسرائیل، ئەگەر حوسییەكان بڕیاری دووبارە كردنەئامانجی ئیسرائیل و ئابوورییەكەی بدەن، هەر لە بەشێكی ئەو هەڵمەتە رەنگە وەك پەیامێكی روون عێراقیش بگرێتەوە، بەتایبەتی لە دوای پێوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بۆیە عێراق دوور نییە لەو هەڵمەتە.
دووپاتی كردەوەن راگەیاندنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی بژارەكانی وەڵامدانەوە شوێنی تریش دەگرێتەوە، هەڵمەتەكەی یەمەنیش پەیامێكی توندە بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی و ئەوەش بژارەیەكی ستراتیجییە و كاتی نییە، رەنگە وا دیار بێت هەڵمەتەكەی یەمەن لە دژی نیازی حوسییەكان بێت بۆ دەست پێكردنەوەی هێرشەكانیان لە دەریای سوور، بەڵام هەڵمەتەكەی ئەمەریكا كراوەیە و لە دوای رەتكردنەوەی پەیامەكەی ترەمپ لە لایەن ئێرانەوە دێت، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە لە چوارچێوەی سیەسەتی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر تاران كراوە.