ئەمەریكا: لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە دەكەین هەڕەشەمان لێ دەكەن

:: PM:07:12:16/03/2025 ‌

لە دوای نزیكەی دوو مانگ لە دەستبەكاربوونی لە كۆشكی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەست بۆ دۆسییەی ئێران دەبات، پەیامێكی ئاراستەی سەركردەكانی ئەو وڵاتە كرد و لە نێوان رێككەوتن و چارەسەری سەربازی سەرپشكی كردن، دوێنێ یەكەم هەنگاوی بۆ وریاكردنەوەی ئێران نا، هەڵمەتێكی هێرشی ئاسمانی و دەریایی لە دژی حوسییەكانی یەمەن دەست پێ كرد، بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا ئاماژە دەكەن دەبێت ئێران لە پاڵپشتیكردنی حوسییەكان بوەستێت.

مایك واڵتز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رای گەیاند، پێویستە ئێران لە پاڵپشتیكردنی حوسییەكان بوەستێت، جامەكە خەریكە لێی دەڕژێت، بۆ لەمەودوا لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە دەكەین كە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەن نەك تەنیا حوسییەكان، توانیمان ژمارەیەك سەركردەی حوسی لەناو ببەین، ئەوان توانای پێشكەوتوویان بۆ هەڕەشەكردن لە رێڕەوی دەریایی لە دەریای سوور هەبوو.

بەپێی سەرچاوە یەمەنییەكان لە هێرشەكانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمەریكا شەش سەركردەی حوسی كوژراون، كاتێك بەشێك لە ئامانجی هێرشەكان جیا لە جبەخانە و سیستمی مووشەك و درۆنەكان، ماڵی چەند سەركردەیەكی حوسی لە سەنعا و سەعدە بووە.

لای خۆیەوە بیت هیگسیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە تا كاتی وەستانی هێرشە سەربازییەكانیان بۆ سەر كەشتییە ئەمەریكییەكان و رێڕەوی بازرگانی دەریایی، ئەمەریكا لە كردنەئامانجی حوسییەكان بەردەوام دەبێت.

دووپاتی كردەوە، هێرشەكەی دوێنێ وەڵامدانەوەی دەیان هێرشی ئەوان بوو بۆ سەر كەشتییەكان لە دەریای سوور لە 2023ەوە، بۆیە هێرشەكە تا ئەو كاتە بەردەوام دەبێت كە رای دەگەیەنن چیتر كەشتییەكان و پارچە دەریاییەكان بۆردمان ناكەین. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل