شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمەریكا هەڵمەتێكی فرەوانی دەریایی و ئاسمانی لە دژی دەیان ئامانجی حوسیییەكان لە یەمەن ئەنجام دا، جیا لە وێرانكردنی جبەخانە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەك و درۆنەكان، ژمارەیەك سەركردەی ئەو گرووپەی كوشت، ئەمڕۆ حووسییەكان رایان گەیاند كە وڵامی ئەمەریكایان داوەتەوە فڕۆكە هەڵگری هاری تروومانیان بە مووشەك بۆردمان كردووە.
یەحیا سەریع گوتەبێژ بە ناوی حوسییەكان لە بەیاننامەیەكدا گوتی، هێزە چەكدارەكانمان پرۆسەیەكی سەربازییان ئەنجام داوە و فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس هاری تروومان" و پارچە دەریاییەكانی سەر بە فڕۆكەهەڵگرەكەیان لە باكوری دەریای سوور بە مووشەك كردووەتە ئامانج.
روونی كردەوە، هێرشەكە لە رێگەی 18 مووشەكی بالیستی و باڵدار و درۆن بووە لە پرۆسەی كی هاوبەشی هێزی مووشەكی و هێزی ئاسمانی و هێزی دەریاوانی، پرۆسەكەش لە وەڵامی هێرشەكانی چەند سەعاتی رابردووی ئەمەریكا بووە، كە زیاتر لە 47 هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر چەند ناوچەیەك لە پارێزگاكانی سەنعا و سەعدە و بەیزا و حجە و زمار و مەئرەب و جورف، بەو هۆیەوە چەند كوشتارگەیەكی دروست كردووە و دەیان كەس كوژران و بریندار بوون.
بەپێی بەیاننامەكە هێزی چەكداریی حوسییەكان دوودڵی ناكەن لە كرنەئامانجی پارچە سەربازییە ئەمەریكییەكان لە هەردوو دەریای سوور و عەرەبی لە وەڵامی هێرشەكانی سەر یەمەن و لە گەمارۆی سەر ئیسرائیل و رێگرتن لە كەشتییەكانی لەو ناوچەیە بەردەوام دەبن.
لە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا بیت هیگسیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە تا كاتی وەستانی هێرشە سەربازییەكانیان بۆ سەر كەشتییە ئەمەریكییەكان و رێڕەوی بازرگانی دەریایی، ئەمەریكا لە كردنەئامانجی حوسییەكان بەردەوام دەبێت.
دووپاتی كردەوە، هێرشەكەی دوێنێ وەڵامدانەوەی دەیان هێرشی ئەوان بوو بۆ سەر كەشتییەكان لە دەریای سوور لە 2023ەوە، بۆیە هێرشەكە تا ئەو كاتە بەردەوام دەبێت كە رای دەگەیەنن چیتر كەشتی و پارچە دەریاییەكان بۆردمان ناكەین.