بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆ ببێتەوە، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە بریتییە لە یاسای حەشد، پێشبینیی دروستبوونی چەندان كێشە لەناو پەرلەمان لەسەر ئەو یاسایە دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 24ـی ئادار، بەپێی بەرنامەی كاری پەرلەمانی عێراق، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، پەرلەمانی عێراق دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكاتەوە و تێیدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكات، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەكی تریش دەدات.
یەكێك لە بەرنامەكانی كۆبوونەوەكە كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت، پڕۆژەی خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبییە كە لە 18 مادە پێكهاتووە، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناكۆكیی هێزە شیعەكانەوە لەسەری، كارەكانی پەرلەمان پەكی كەوتبوو.
ئەو یاسایە جگە لە رەهەندە سیاسییەكەی، خاڵی ململانێی نێوان هێزە شیعەكانە و كێشەی لە نێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی دروست كردووە، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن بەزوویی تێپەڕێنرێت، هەندێكی تریشیان تێبینییان لەسەری هەیە، چونكە بەگوێرەی پڕۆژەكە، چوار هەزار ئەفسەر و فەرماندەی حەشد خانەنشین دەبن.
كۆمەڵێك یاسای تر لە بەرنامەی كۆبوونەوەكەدا هەن كە بریتین لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵ، هەروەها دەنگدان لەسەر بڕیارێك بەشێوەی ڕاسپاردە بۆ وەزارەتی پەروەردە، بەمەبەستی كاركردن بە سیستمی هەوڵدان 'پەڕینەوە' لە خوێندندا.
خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێخۆشبوون لە هەڵگرتنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و قوبرس، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری دووەمی یاسای موختارەكان، ژمارە 13ـی ساڵی 2011، لەگەڵ خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری چوارەمی یاسای دەرچوونی پسپۆرانی پزیشكی و تەندروستی دەكرێت.