دوای 10 رۆژی بۆردمانی ئەمەریكا بۆ سەر حووسییەكان.. ئەمڕۆیش سەنعا و سەعدە بۆردمان كران

:: AM:10:02:24/03/2025 ‌
ماوەی 10 رۆژە ئەمەریكا هێزە ئاسمانییەكانی بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن دەست پێ كردووە و زیانی زۆری پێ گەیاندوون، بەرەبەیانیی زوویش ئەمڕۆیش فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا، چەندان كۆگەی چەك و تەقەمەنی و مووشەكیان لە سەنعا و سەعدە بۆردمان كردووە و وێرانی كردوون.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 24ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حووسییەكان بەردەوامە و بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆیش فڕۆكە جەنگییەكانی، چەندان كۆگەی پڕ لە چەك و مووشەك و تەقەمەنیی حووسییەكانیان لە سەنعا و سەعدە بۆردمان كردووە. چوار لە هێرشەكانیان بۆ سەر سەعدە بووە كە ئەو ناوچەیە بە شوێنی سەرەكیی حووسییەكان هەژمار دەكرێت.

باس لەوە دەكرێت كە لەو هێرشانەی ئەمەریكادا، ناوچەكانی سەحار و ساقینیشی گرتووەتەوە كە لە ناوچەی سەحاردا سەربازگەكانی حووسییەكان بۆردمان كراون، وێڕای وێرانكردنی چەند كۆگەیەكی چەك و تەقەمەنی. بەهەمانشێوە لە رۆژئاوای یەمەن، ناوچەی سەعدە بۆردمان كراوە و زیانی زۆری بەدواوە بووە.

هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن لە 14ی ئەم مانگە دەستی پێ كردووە، ئەمەریكایش بڕیاری داوە تا بە تەواوی ئامانجەكانی دەگات و هەڕەشەكانی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكەی دەریای سوور نەهێڵێت، لە هێرشەكانی بەردەوام دەبێت.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، بۆردمانەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حووسییەكان، بنكەی سەربازیی نهێنیی ژێر زەویی كردووەتە ئامانج، هاوكات ئەو تونێلانەی كردووەتە ئامانج كە كۆگەی مووشەك و درۆنیان تێدا حەشار دراوە، ئەوانیش كەوتوونەتە ناوچەكانی حرف سوفیان لە پارێزگای عمران، سەفرا، بەنی معاز، رزامات لە سەعدە، ناوچەكانی نزیك لە ئال سالم لە رۆژئاوای سەعدە. تەواوی ئەو شوێنانەی بۆردمان كراون، كەوتوونەتە ژێر زەوی كە لەوێوە مووشەك و درۆنەكان ئاراستەی دەریای سوور دەكرێن.

لە مانگی نۆڤێمبەری 2024وە حووسییەكانی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، هەروەها فراوانبوونی شەڕەكە بۆ سەر لبنان و باشوورەكەی كە حزبوڵای لبنان كۆنترۆڵی كردبوو كە دواتر ئیسرائیل لاوازی كردن، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، هاوكات هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر كردووەتەوە، دواتریش ئیسرائیل و ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش حووسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوامن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د