ئایا بەشار ئەسەد چەكی كیمیایی هەبوو

:: PM:09:44:28/03/2025 ‌

لەمیانەی پشكنینەكان بۆ مۆڵگە و كۆگەی چەكی كیمیایی ڕژێمی ئەسەد، كۆمەڵێك شوێنیان دۆزییەوە كە پێشبینی دەكرێت شوێنی چەكی كیمیایی بووبێت.

ئەمڕۆ هەینی، 28 ئادار، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاوی كردەوە، تیمێكی بەرەنگاربوونەوەی چەكی كیمیایی لە ڕۆژانی 12 بۆ 21ی ئەم مانگە چوونەتە سووریا تا مۆڵگەی چەكی كیمیایی سەردەمی بەشار ئەسەد بدۆزنەوە و لەناوی ببەن، بۆیان دەركەوتووە كە چەند شوێنێكی نایاسایی هەبوون و بەجێ ماون.

وێڕای ئەوەی لە پشكنینەكانی پێشوودا چەند شوێنێكیان دیاری كردبوو، لەم پشكنینەشدا پێنج شوێنی تر دەستنیشان كراون، بەڵام بەشێكیان تاڵان كراون یان بۆردمان كراون.

بەپێی سەرچاوەكە، حكوومەتی ڕاگوزەری سووریا هەموو ئاسانكارییەكی بۆ تیمەكە كردووە تا ئەو شوێنانە بدۆزنەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی تیمی هاوبەشی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوی بەرەنگاربوونەوەی چەكی كیمیایی، حكوومەتی ئەسەد گازی سارین و بەرمیلی كلۆری لە شەڕی ناوخۆی سووریا بەكار هێناوە و لە ئاكامدا هەزاران كەسی كوشتووە.



وشە - تایبه‌ت