ڕۆژنامەى
نیویۆرک تایمز بڵاوى کردەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە باڵوێزخانەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری دنیا کردووە، بە وردی پشکنین لە ناوەڕۆکی تۆڕى کۆمەڵایەتیی هەندێک لە داواکارانی ڤیزا، چ خوێندکار یان کەسانی تر بکەن.
بەگوێرەى لێدوانى بەرپرسانی ئەمەریکا، ئەو هەنگاوە بە مەبەستی ڕێگری کردنە لەو کەسانەی کە گومان دەکرێت ڕەخنە لە ئەمریکا یان ئیسرائیل بگرن و بیانەوێ سەردانى ئەمەریکا بکەن.
ئاماژە کراوە، ڕوبیۆ ڕێنوێنییەکانى لە 25ی ئاداردا بۆ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا ناردووە، لە ڕێنوێنییەکاندا هاتووە، لە ئێستەوە، کارمەندانی باڵوێزخانە دەبێت هەندێک خوێندکار و داواکاری ڤیزە، ڕەوانەی یەکەى پشکنینى سۆشیال میدیا بکەن.
لە هەواڵەکەدا زیاتر هاتووە، بە گوتەى بەرپرسانى ئەمەریکا، ئەو کەسانەی ڕێگەیان پێ نادرێت سەردانى وڵاتەکە بکەن بریتین لە، ئەو کەسانەى کە گومانی پێوەندی یان هاوسۆزییان لەگەڵ تیرۆردا هەیە، لەگەڵ ئەوانەى کە هاوسۆزى خۆیان بۆ فەلەستینییەکان دەربڕیوە لە کاتى شەڕی ئیسرائیلدا یان هەڵوێستى دوژمنکارانەیان بەرانبەر بە هاووڵاتییانى ئەمەریکى یان کولتوورى ئەمەریکى نیشان داوە.
ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا دوای چەند هەفتەیەک لە واژووکردنی فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا دێت بۆ دەست پێ کردنی هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرەکان، لەنێویاندا ئەو کەسانەی کە ڕەنگە "هەڵوێستی دوژمنکارانە"یان هەبێت بەرانبەر بە "هاووڵاتییانی ئەمەریکی، کولتوری ئەمەریکا، حکوومەت، دامەزراوەکان و پرەنسیپەکان". لەگەڵ ئەمەشدا دۆناڵد ترەمپ فەرمانى کرد بە دیپۆرتکردنەوەى ئەو خوێندکارە نێودەوڵەتییانەى کە دژى جووەکانن و بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی زانکۆکاندا کردووە دژی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە.