دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراقی لەبارەی شارە عێراقییەكانەوە رای گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەپۆلی باران كۆتایی دێت، هاوكات ئاماژەی كردووە كە شەپۆلێكی خۆڵباران لە موسڵەوە بەرەو بەغدا بەڕێوەیە. پێشبینیشی كردووە، هەورێكی باراناوی بەشێك لە ئاسمانی شارەكانی باكوری عێراق و هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم دووی نیسانی 2025، لە راگەیەنراوێكی دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراقیدا هاتووە، هەورێكی باراناوی كە مەرج نییە دابارینی لەگەڵ بێت ئاسمانی بەشێك لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بەشێك لە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
كەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە، شەپۆلێكی خۆڵبارینی مامناوەند لە باشووری موسڵەوە دروست دەبێت و كاریگەریی دەبێت لەسەر چەند پارێزگایەك لە باكور و باشوور، دواتریش بەرەو ئەنبار و بەغدا دەڕوات. لەبارەی شارە عێراقییەكانیشەوە كە ئێستە لەژێر كاریگەریی شەپۆلی بارانن، پێشبینی كراوە ئەمشەو كۆتایی بە دابارین بێت.