بوومەلەرزەیەكی بەهێز كەناراوەكانی یابانی هەژاند

:: PM:07:30:02/04/2025 ‌
بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 6.2 پلەی رێختەر، كەناراوەكانی یابانی هەژاند. بەگوێرەی دەستەی جیۆلۆجیی ئەمەریكی سەرچاوەی بوومەلەرزەكە لە قووڵایی 26 كیلۆمەتر بووە لە چینی ژێرەوەی دەریاوە، هاوكات تا ئێستە هیچ هۆشدارییەك لەبارەی تسۆنامییەوە نەدراوە. 

بەپێی لێدوانى دەستەی جیۆلۆجیی ئەمەریكی، ئەمڕۆ چوارشەم، دووی نیسان، بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 6.2 پلەی رێختەر نزیك كەناراوەكانی یابانی هەژاند. 

ئاماژە دراوە، چەقی بوومەلەرزەكە 54 كیلۆمەتر دوور بووە لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری "نیشینموت"ی یابانی كە 14 هەزار كەس تیایدا نیشتەجێن. 

لەبارەی وردەكاریی ترەوە ئەوەش راگەیەنراوە، بوومەلەرزەكە لە قوڵایی 26 كیلۆمەتر لە چینی ژێرەوەی دەریاوە رووی داوە، تا ئێستەش هیچ راپۆرتێك لەبارەی زیانە گیانی و مادیەكان رانەگەیەنراوە و هاوكات لەبارەی تسۆنامیشەوە، هیچ هۆشدارییەك بە دانیشتووانی كەناراوەكانی یابان و شوێنی روودانی بوومەلەرزەكە نەدراوە.


وشە - رزگار خدر