رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى ئاشكراى ده‌كات، لایه‌نه عێراقییه‌كان له ئه‌گه‌رى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران تۆقیون و به‌دوورى ده‌زانن له حاڵه‌تى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕێكى وادا، عێراق بتوانێ بێلایه‌ن بمێنێته‌وه. چاودێرانی سیاسیش دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه كه به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌بێت میلیشیاكانى شیعه كۆنترۆڵ بكرێن.
شه‌وى رابردوو دووى نیسان، رۆژنامه‌ى
عه‌ره‌بى جه‌دید له راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه، له دوو رۆژى رابردوودا به‌رپرسانى عێراقى به‌تایبه‌تى شیعه‌كان، نیگه‌رانیى خۆیان ده‌ربڕیوه له ئه‌گه‌رى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران. رۆژنامه‌كه نموونه‌ى لێدوانى هادى عامرى سه‌رۆكى میلیشیاى به‌در ده‌هێنێته‌وه كه گوتوویه‌تى، "هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران به ماناى پیاسه نایه‌ت"، عامرى داواشى كردووه لایه‌نه عێراقییه‌كان یه‌كگرتووبن.
عه‌زام حه‌مدانى سه‌ركرده له هاوپه‌یمانى عه‌زمى عێراقى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا روو بدات، ئه‌وا لێكه‌وته‌ى گه‌وره و ترسناكى بۆ عێراق ده‌بێت زیاتر له هه‌ر ده‌وڵه‌تێكى تر‌ى ناوچه‌كه". حه‌مدانى دووپاتى ده‌كاته‌وه هه‌ندێك لایه‌نى ناوخۆ و ده‌ره‌كى هه‌ن، وا ده‌كه‌ن عێراق به‌شێك بێت له‌و جه‌نگه، مه‌ترسیى گه‌وره‌ش له‌وه‌دایه كه عێراق ببێته گۆڕه‌پانى جه‌نگه‌كه.
موجاشع ته‌میمى چاودێرى سیاسى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باسى له‌وه كردووه، ده‌بێت لایه‌نه حكوومى و سیاسییه‌كان زیاتر گوشار بخه‌نه سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كانى شیعه، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌چنه ناو ئه‌و بابه‌ته‌وه، چونكه ئه‌گه‌رێكى زۆر هه‌یه عێراق راسته‌وخۆ له رێگه‌ى میلیشیاكانى سه‌ربه ئێران و یانیش له رێگه‌ى به ئامانجگرتنى بنكه سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر خاكى عێراق، بچێته ناو جه‌نگه‌كه‌وه. له برى ئه‌مه ئه‌و چاودێره به پێویستى ده‌زانێت رێگه‌ى زیاتر به حكوومه‌ت بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێبازێكى دیپلۆماسى هاوسه‌نگ پێڕه‌و بكات و ده‌سه‌ڵاتى زیاترى پێ بدرێت تا له ناوخۆى عێراق، ئاستى گرژییه‌كان به‌رز نه‌كرێنه‌وه.
هه‌فته‌یه‌كه دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ى رژد له ئێران ده‌كات، به‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌ك هێرشى ده‌كاته سه‌ر كه وێنه‌ى نه‌بووبێت.