دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نامەیەكی بۆ عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران رەوانە كرد و تارانی لە نێوان گفتوگۆ و رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی و شەڕ سەرپشك كرد، هێشتا بوارە دوو مانگییەكەی ترەمپ بۆ ئێران كۆتایی نەهاتووە، فەرماندەیەكی پێشووی سەربازیی ئەمەریكا ئامانجەكانی هەر هێرشێكی ئاسمانیی وڵاتەكەی بۆ سەر تاران ئاشكرا دەكات.
جەنەراڵ دێڤید پترایۆس فەرماندەی پێشووی ناوەندی ئەمەریكا و بەڕێوەبەری پێشووتری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەو وڵاتە لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی باسی ئەگەری هەر هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەكات، كە دامەزراوە ئەتۆمییەكان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و بنكەكانی هەڵدانی مووشەكیی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
روونی كردەوە، 15 ساڵە ئەمەریكا پلانێكی فرەوانی بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و ئامانجە گرنگە سەربازییەكانی ئێرانی بەدەستە، بەپێی كات پلانەكە نوێ كراوەتەوە و گۆڕانكاریی بەسەردا كراوە، پلانەكە لە سەردەمی فەرماندەیی ئەو بۆ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا دانراوە، هێزەكانی ئەمەریكا راهێنانیان لەسەر هێرشەكە لە ناو خاكی ئەمەریكا كردووە، لە چوارچێوەی مەشقی سەربازی وەك ئامادەسازییەك بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی گریمانكراو لەگەڵ ئێران.
ئەو جەنەراڵە دەڵێت، ساڵانێكە ئەمەریكا پلانی بۆ بۆردمانكردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران داناوە و جارێك پلانەكە گەیشتە قۆناغی جێبەجێكردن و فڕۆكە و بنكە ئاسمانییەكان و بۆمبەكان و تەنانەت خواردن و ئاویش بۆ سەربازان ئامادە كران، لەو هێرشەدا سنوورێك نییە و تەنیا ژێرخانی ئەتۆمیی تاران ناگرێتەوە، بگرە سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەكیی ئێران و توانا هێرشبردنەكانی دەگرێتەوە، بڵاوكردنەوەی بۆمبهاوێژی جۆری بی2 لە بنكەی ئاسمانی دیگۆ گارسیاش ئامادەسازییە بۆ هێرشەكە، بۆیە ئەگەر رێگە دیپلۆماسییەكان شكستیان هێنا لە رێگرتن لە ئێران و گەیشتنی بە چەكی ئەتۆمی، هێرشەكەی ئەمەریكا دەست پێ دەكات.