بەهۆی جێبەجێ نەكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنەكەوە پارێزگاری موسڵ دەگیرێت

:: AM:11:49:08/04/2025 ‌
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بانگهێشتی پارێزگای نەینەوا دەكات و تەنیا مۆڵەتی سێ رۆژی دەداتێ ئەگەر لەو سێ رۆژەدا ئامادە نەبوو دەیگرن.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، بانگێشتنامەیەكی فەرمی بڵاوكردەوە كە لەبەرواری دوێنێ دەرچووە، بەپێی بانگهێشتەكە عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا پێویستە لەماوەی سێ ڕۆژدا لەبەردەم دادگا ئامادەبێت بەپێچەوانەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت.

دەخیل تۆمەتبارە بەوەی بڕیاری داگای فیدراڵی عێراقی سەبارەت بە پەسندكردنی بەرپرسی یەكە كارگێڕییەكانی پاریزگاكەی جێبەجێ نەكردووە.

پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو. بەرەی یەكەم بریتییە لە فراكسیۆنی نەینەوای یەكگرتوو كە لە بەشێكی سوننەكان و پارتی پێكهاتووە، بەرەی دووەم بریتییە لە فراكسیۆنی نەینەوای داهاتوو كە 16 كورسی هەیە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بەشێكە لێی.
 
2024 فراكسیۆنی نەینەوای داهاتوو، كە لە چوارچێوەی هاوهەنگی و هاوپەیمانەكانی پێكهاتوون.
 

یەكێتی كە دوو كورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە كە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانكێ. ئەو پۆستانە لە دەست پارتی دیموكراتی كوردستانن كە ئەو گۆڕانكاریانە رەتدەكاتەوە. تاوەكو ئێستاش گۆڕانكارییەكان نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێكهاتووە كە سێیان كۆتان كریستیان، كوردی ئێزدی و كوردی شەبەك. پارتی دیموكراتی كوردستان چوار ئەندام و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنەكەدا هەیە.



وشە - سۆران عەزیز