نەتنیاهۆ: گفتوگۆ لەگەڵ ئێران درێژە بكێشێت پێویستە لێی بدرێت

:: PM:08:01:08/04/2025 ‌

ئەمەریكا بە وردی خەریكی ئیدارەدانی دۆسیە گەرمەكانی دنیایە، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، دوێنێ لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەست پێ دەكەن و شەمووی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی گرنگیان هەیە، نەتنیاهۆش باسی ئەوە دەكات كە نابێت گفتوگۆكان درێژە بكێشن.

ئەمڕۆ سێشەم نەتنیاهۆ رای گەیاند، ئەمەریكا و ئیسرائیل رێككەوتوون كە نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بۆیە هەر رێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران قبووڵكراو نابێت مەگەر خاپووركردنی تەواوی وێستكە ئەتۆمییەكانی ئێران و لێكهەڵوەشانەوەی هەموو ئامێرەكان بە سەرپەرشتی و جێبەجێكردجنی ئەمەریكا لەخۆ نەگرێت. 

دووپاتی كردەوە، ئەگەر گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران درێژە بكێشن و ئەنجامیان نەبوو، پێویستە پەنا بۆ رێگەچاری سەربازی ببرێت، نابێت ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت و دەكرێ ئەوە بە رێككەوتن بكرێت، بەڵام تەنیا بە هاوشێوەی رێككەوتنی لیبیا، واتە لە رێگەی تەقاندنەوەی هەموو وێستگەكان و لێكهەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئامێرەكان لە لایەن ئەمەریكاوە، ئەگەرەكەی تر ئەوەیە ئێران لە رێگەی گفتوگۆكانەوە كات بكوژێت، ئەوكات پێویستە بۆ بژارەی سەربازی بگەڕێینەوە و هەموان لەوە تێدەگەن و پێشتر بە درێژی باس لەوە كراوە. 

شایەنی باسە بڕیارە شەمووی داهاتوو شاندی باڵای ئەمەریكا و ئێران راستەوخۆ لە سوڵتاننشینی عومان دەست بە گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل