دۆناڵد ترەمی سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری دا بە راگواستنی زیاتر لە 900 هەزار پەنابەر كە لە ساڵی 2023 لە رێگەی ئەپڵیكەیشنی "سی بی بی وان"ـەوە چوونەتە ئەمەریكا و ئەپڵیەكیشنەكەیش لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆ بایدن كارا كراوە ئاماژە بەوەیش دراوە هەر پەنابەرێكیش پابەند نەبێت سزای بەسەردا دەسەپێنرێت كە هەندێك جار دەگاتە ملیۆنێك دۆلار.
بەپێی لێدوانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریكا سوودمەندبووان لە ئەپڵیكەیشنی "سی بی بی وان" كە رێگەیان پێ دراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ بە مەرج لە ئەمەریكا بمێننەوە و كار لە وڵاتەكە بكەن، داوایان لێ دەكات بە سوودبینین بە هەمان ئەپڵیكەیشن ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە وڵاتەكانی خۆیان.
كریستی نویم وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەم نۆی نیسان لە لێدوانێكیدا رای گەیاندووە، ئەم بڕیارە پێوەندی بە وەفای ترەمپە بۆ بەڵێنەكانی كە داویەتی لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سنوورەكانی ئەمەریكا، بەپێی قسەی وەزیرەكە بەپێی بڕیاری دەرچوو لە ساڵی 1996 هەر پەنابەرێك پابەندی بڕیارەكە نەبێت رۆژانە سزای پێبژاردنی بە 998 دۆلار بۆ دەكرێت.
وەزیرەكەی ئەمەریكا دووپاتی كردووەتەوە كە سزاكان لەسەر تەواوی ئەو پەنابەرانە جێبەجێ دەكرێت ئەگەر پابەند نەبوون و هەندێك جار سزاكە دەگاتە ملیۆنێك دۆلار، هاوكات ئاماژەیشی داوە كە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی چاوخشانەوەیە بۆ پڕۆگرامی كۆچ و كۆچبەران كە لەسەردەمی جۆ بایدندا پشتی بێ بەستراوە و پراكتیزە كراوە.