لەو ساتەوەی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخاوە، ئیسرائیل بۆردمانێكی سەختی سووریا دەكات، تەواوی توانا سەربازییەكانی سووریای وێران كردووە، لەوەش زیاتر چەند بنكەیەكی ئاسمانیی وێران كردووە كە باسی ئەوە دەكرێت توركیا دەیانكاتە بنكەی سەربازی بۆ خۆی، سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی دووپاتی كردەوە كە تەلئەبیب نایەوێ هێزەكانی توركیا بگەنە ناوچەی جۆلانی سەر سنوورەكانی.
سەرچاوەكە رای گەیاند، تا ئاستێك پێوەندییان بە توركیا سەبارەت بە سووریا هەیە، بەرانبەر بە بوونی هیچ هێزێك لە سووریا بێدەنگ نابین كە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست بكات، رێكە بە دروستبوونی هیچ هێزێكی نەیار بۆ ئیسرائیل لە باشووری سووریا نادەین و چەند رێگەیەكش بۆ ئەو كارە هەیە، بۆیە تا ئەوكاتەی هەست بكەین كە سووریا دەوڵەتێكی لاوازە ناوچەی دابڕاو دەمێنێتەوە.
دووپاتی كردەوە، ئەگەر درووزەكان هێزێكی تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن كار لە دژی ئەوان ناكەین و پارێزگارییان لێ دەكەین، ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا كۆنترۆڵی تەواوەتیی وڵاتەكەی ناكات و تا ئێستە چەند گرووپێكی مەترسیداری چەكداری تیادایە، هاریكارییەك لە نێوان حەماس و داعش و چەند گرووپێكی تر لە باشووری سووریا هەیە، بەڵام نازانین ئاخۆ ئێران لەپشتیانە یان نا.
لەوكاتەی توركیا باسی ئەوە دەكات كە لەسەر ئاستیكی تەكنیكی لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكان لە سووریا، سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی هەردوولا لە ئازەربایجان، تەلئەبیب بۆ ئەنقەرەی روون كرووەتەوە كە بڵاوبوونەوەی هێزی بیانی لە سووریا و دامەرزاندنی بنكەی سەربازیی توركیا لە ناوچەی تەدمور هێڵی سوورە و پێشێلكارییە.
دووپاتی كردەوە كە رێگرتن لە هەڕەشەكان بۆ سەر ئیسرائیل لە سووریا ئەركی حكوومەتی دیمەشقە و هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئیسرائیل لە سووریاوە فەرمانڕەوایەتیی ئەحمەد شەرع دەخاتە مەترسییەوە.