بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە مەسقەتی پایەتەختی عومان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ناراستەوخۆ بەڕێوە چوو، لە گفتوگۆكانی ئەمڕۆ هەردوو شاند بۆچوونیان لەبارەی گفتوگۆكان لە رێگەی عومانەوە ئاڵوگۆڕ كرد.
ئیسماعیل بەقائی گەتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە گفتوگۆكان ناراستەوخۆ بەڕێوە چوون، واتە شاندی هەر وڵاتێك لە ژوورێكەوە بووە و عومان وەك میانگیر بۆچوونەكانیانی بۆ یەكتر گواستووەتەوە، یەكەم گفتوگۆ دەستی پێ كرد و سەعاتێكی خایاند و كۆتایی هات.
ئەمڕۆ لە عومان یەكەم گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بەڕێوە چوو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆكایەتیی شاندی ئێران دەكات و سەرەتا چاوی بە بەدر ئەلبووسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان كەوت، سەعیدی باسی رێوشوێن و ئامادەسازیی گفتوگۆكانی بۆ عێراقچی كردووە، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە رێگەی عومانەوە تەوەرە و هەڵوێستەكانی ئێرانی بۆ شاندی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی و سەرۆكی شاندی ئەمەریكا رەوانە كردووە.
ئەگەرچی تا ئێستە دیار نییە بەڕێوەچوونی گفتوگۆكان چۆنن و چۆن دەبن، چونكە ئەمەریكا داوای گفتوگۆی راستەوخۆ دەكات و ئێرانیش رەتی دەكاتەوە، ئێران دەڵێت گفتوگۆكان هەلێكی دیپلۆماسین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، گرنگ و یەكلاكەرەوەن، عومان دەڵێت مەبەستی گفتوگۆكان هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و ئاڵوگۆڕكردنی دیل و گەیشتنە بە رێككەوتن بۆ سووككردنی سزاكانی سەر ئێران بەرانبەر بە پەكخستنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بە گشتی مەبەست لە گفتوگۆی ئەمڕۆ ئاشنابوونی هەردوولایە بە رژدیی و نیازی یەكتر، ئەگەر كەشوهەواكە ئەرێنی بوو دەست بە گفتوگۆ دەكەنەوە.