ترەمپ: پێویستە ئێران واز لە خەونی چەكی ئەتۆمی بێنێت

:: PM:08:33:14/04/2025 ‌

شەمووی رابردوو یەكەم گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە عەمان بەڕێوە چوو، هەردوولا گوتیان گفتوگۆكان ئەرێنی بوون، بڕیارە شەمووی داهاتوو گەڕێكی تری گفتوگۆكان بەڕێوە بچێت، لەو ناوەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وریایی بە ئێران دا بەوەی پێویستە دەستبەرداری خەونی بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی ببێت.

ترەمپ گوتی، پێویستە ئێران دەستبەرداری خەونی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی ببێت ئەگینا رووبەڕووی وەڵامێكی سەخت دەبێتەوە، رەنگە گورزێكی سەربازی ئاراستەی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی بكرێت، لەوانەیە ئێران دەوڵەتێكی مەزن بێت تا ئەوكاتەی خاوەنی چەكی ئەتۆمی نییە، ئەو دەیەوێ مامەڵەمان لەگەڵدا بكات، بەڵام نازانێت چۆن. 

ئەو لێدوانانەی ترەمپ لە دوای دوو رۆژ لە یەكەم گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە مەسقەتی پایەتەختی عومان دێت، بڕیارە شەمووی داهاتووش شاندی هەردوو وڵات لە رۆما لە ئیتاڵیا دووەم گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆ بە میانگیریی عەمان ساز بكەن، وەك گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، گفتوگۆكانی هەفتەی داهاتوو ناراستەوخۆ دەمێننەوە و عومان وەك میانگیر بەردەوام دەبێت، گفتوگۆكان تەركیز لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و لابردنی سزاكان دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل