بابەتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا جارێكی تر گەرم بووەتەوە، ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە واشنتن بە تەلئەبیبی راگەیاندووە بەمنزیكانە دەست بە پاشەكشەی هێزەكانی لە سووریا دەكات، كشانەوەكە لە ماوەی دوو مانگی داهاتووە و بە هەنگاو دەبێت.
وەك ماڵپەڕی
"واینت"ی ئیسرائیلی ئاماژەی كردووە، بەرپرسانی تەناهیی ئەمەریكا بە دامەزراوە تەناهییەكانی ئیسرائیلیان راگەیاندووە كە ئەمەریكا لە ماوەی دوو مانگی تر دەست بە كشاندنەوەی بە هەنگاوی هێزەكانی لە سووریا دەكات، لەوكاتەی ئیسرائیل بە بەردەوام هەوڵی داوە رێگری لەو هەنگاوە بكات، بەڵام بەم دواییە بڕیارەكەی ئەمەریكای پێ راگەیندراوە.
بەپێی ماڵپەڕەكە ئیسرائیل هێشتا لە هەوڵدایە بۆ پاشگەزكردنەوەی ئەمەریكا لەو بڕیارەی، بەتایبەتی كە بڕیارەكە كتوپۆِ نییە و پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاندبوو كە خواستی پاشەكشەكردنی هێزەكانی لە سووریا هەیە، چونكە شەڕەكە هی ئەوان نییە، پنتاكۆنیش پێشتر پلانی خۆی بۆ پاشەكشەكردنی هێزەكانی لە سووریا ئاشكرا كردبوو، بەوەی ئەو پلانەیان جێبەجێ دەكەن، لە بەرانبەردا ئیسرائیلییەكانی نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا دەربڕیوە.
بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە پاشەكەشكردنەكە ئەگەر رووش بدات، بە هەنگاوە، ئیسرائیل دەیەوێ رێگری لێ بكات بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ توركیا لە سووریا پەرە نەستێنێت، كە خەریكە دەیەوێ باڵادەستیی خۆی لە سووریا زیاد بكات.
شایەنی باسە ئێستە هێزەكانی ئەمەریكا لە چەند ناوچەیەكی گرنگ لە سووریا هەن، بەتایبەتی لە ناوچەكانی رۆژهەڵات و باكوری سووریا و هۆكارێكن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز و سەقامگیریی ئەو ناوچانە و سووریا بە گشتی، ئیسرائیل و هێزە كوردییەكانیش پێیان وایە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەبێتە هۆی زیادبوونی جموجۆڵەكانی داعش و فرەوانخوازیی هێزەكانی توركیا، كە پێوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ دیمەشق هەیە.