رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە دەیان سەركردەی حزبوڵای لبنانی لەگەڵ خێزانەكانیان لبنانیان جێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی ئەمەریكا باشوور كردووە، ئەوەش بە هۆكاری تەناهی و لە ترسی راوەدوونان و كردنەئامانجیان.
رۆژنامەی
"تایمز ئۆف ئیسرائیل"، لە چەند سەرچاوەیەكی گواستەوە كە 400 سەركردەی حزبوڵای لبنانی لەگەڵ خێزانەكانیان لبنانیان بەرەو چەند وڵاتێك لە ئەمەریكای باشوور جێ هێشتووە، بەتایبەتی ئیكوادۆر و كۆڵۆمبیا و بەرازیل، كاتێك حزبەكە پێوەندیی لەگەڵ باندەكانی مادەی هۆشبەر هەیە، بۆیە ئەوان چوونەتە ئەو وڵاتانە و لەوێ دەژین.
بەپێی سەرچاوەكە كە لە باڵوێزخانەی لبنان كار دەكات، ئەو هەنگاوە بەهۆی ترسی سەركردەكانی حزبوڵایە لە چاودێریكردن و راوەدوونانیان لە ماوەی داهاتوو لە دوای سڕكردنی چالاكییەكانی حزبەكە، چاودێرانیش پێیان وایە ئەو هەنگاوە رەنگدانەوەی هەوڵەكانە بۆ لێكهەڵوەشانەوەی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵا لە دوای رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل لە تشرینی دووەمی 2024، ئەگەرچی ئەو راپۆرتە لە هیچ لایەنێمی فەرمی یان لە لایەن حزبوڵاوە دووپات نەكراوەتەوە.
دوێنێ جۆزێف عەون سەرۆكی لبنان لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە كە پێویستە هەموو چەكێك لە وڵاتەكەی بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و داماڵینی چەكی حزبوڵاش راستەوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حزبەكە خۆی دەبێت، ئەگەرچی دوای لێدوانەكەی عەون بەرپرسێكی حزبوڵا وەڵامی دایەوە كە ئەوان دەستیان بە چەكەكانیان و موقاوەمەت گرتووە.