لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی تێچووە فیدراڵییەكانی حكوومەت، ئیدارەی ئەمەریكا پلانی هەیە ژمارەیەك لە كونسوڵگە و باڵوێزخانەكانی لە سەرانسەری دنیادا دابخات، ئەوە لە كاتێكدایە ئەمەریكا خەریكە گەورەترین كونسوڵگەی لە ناوچەكەدا لە هەولێر بكاتەوە.
بەپێی یاداشتێك كە دەست رۆژنامەی نیویۆرك تایمز كەتووە، ئیدارەی ترەمپ پلانی هەیە 10 باڵوێزخانە و 17 كونسوڵگەی خۆی لە سەرانسەری دنیادا دابخات، ئەمەش دوای ئەو پلانەی سەرۆك ترەمپ دێت لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی تێچووەكانی حكوومەتی ئەمەریكا.
ئەو بەڵگەنامەیەی باس لە داخستنی باڵوێزخانەی و كونسوڵگەكانی ئەمەریكا لەم شوێنانە دەكات، لە كیشوەری ئەوروپان. پێنج لەو كونسوڵگانەی دایدەخات لە فڕەنسان لە شارەكانی بۆردیۆكس، لیۆن، مارسیلیا، رێنس و ستراسبۆورگ. دوو لە كونسوڵگەكانیش لە شارەكانی دوسلدۆرف و لایپزیگی ئەڵمانیان. هەریەكە لە كونسوڵگە ئەمەریكییەكان لە وڵاتانی ئیتاڵیا، یۆنان و پۆرتوگال، پێشنیازی داخستنیان كراوە.
داخستنی كونسوڵگە و باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا لە كاتێكدایە، ئێستە ئەمەریكا دەیەوێت لە كوردستان بەتایبەت لە هەولێر، بەمنزیكانە گەورەترین كونسوڵگەی بكاتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش رای گەیاندووە، بەمنزیكانە باڵەخانەی كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر دەكرێتەوە".
"كردنەوەی كونسوڵگەكە، رەنگدانەوەی پابەندبوونی ئەمەریكایە بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق و هاوبەشییەكەمان و هاوئاهەنگییە دیپلۆماسییەكەمان، لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق پتەوتر دەكات، لەناویشیاندا ئامانج و ئاڵنگارییە هاوبەشەكان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم و گەشەپێدانی ئاشتییەكی درێژخایەن." گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وای گوتووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كونسوڵگەكە لەسەر رووبەری 50 دۆنم زەوی دروست دەكرێت، وەك ناوەندێك بۆ بەشداریكردنی دیپلۆماسی و ئابووری و كولتووری لە ناوچەكەدا كار دەكات، دامەزراندنیشی رەنگدانەوەی پابەندبوونی درێژخایەنی واشنتنە بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێم، ئێستەش بە ڕێژەی 85%ی كارەكانی تەواو بووە.