نەتنیاهۆ: رێگە بە ئێران نادەین ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی

:: PM:07:13:17/04/2025 ‌

بڕیارە شەمووی داهاتوو دووەم گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆی نێوان ئەمەریكا ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە رۆمای پایەتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، ئەمەریكا هەوڵ دەدات رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی واژوو بكات و هەنگاوەكانی تاران لە پیتاندنی یۆرانیۆم سست بكاتەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل لە هەڕەشەكانی بۆ سەر تاران بەردەوامە.

بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیران سەرپەرشتیی چەندان هەوڵی ئاشكرا و نهێنی لە چوارچێوەی شەڕ لە دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران كردووە، ئەگەر ئەوانە نەبوونایە ئێستە ئێران خاوەن ئەمبارێكی چەكی ئەتۆمی دەبوو، بەڵام ئەو هەنگاوانەی نەتنیاهۆ بەرنامەی ئەتۆمیی تارانیان بۆ ماوەی 10 ساڵ دواخست. 

ئەو قسانەی نووسینگەی نەتنیاهۆ لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی هات كە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئیسرائیل چەند جارێك ویستوویەتی هێرش بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و لەناویان ببات، بەڵام بەو هۆیەی ئەمەریكا رازی نەبووە تا ئێستە هێرشەكانی دوا خستووە، دواترینیان بڕیار بوو لە مانگی داهاتوو بەیەكەوە لەگەڵ واشنتن هێرش بكەنە سەر دامەزاوە ئەتۆمییەكانی ئێران، بەڵام دواجار دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری داوە دەست بە گفتوگۆ بكرێت و هێرشەكەی دواخستووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل