سوودانی لە قەتەر چی بە شەرع گوتووە؟

:: PM:09:53:17/04/2025 ‌

سێشەمی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانێكی خێرای بۆ قەتەڕ ئەنجام دا، لەوێ چاوی بە تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەڕ و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا كەوت.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات، سەردانەكەی سوودانی بۆ قەتەڕ بەهۆی رووداوە خێراكانی ناوچەكە بووە، بەتایبەتی لە دۆخی سووریا، دووپاتی كردووەتەوە كە وەك عێراق لە نزیكەوە چاودێریی پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا دەكەن، هەڵوێستی عێراق جێگیرە و داوای پرۆسەیەكی سیاسی گشتگیر دەكات تیایدا پێكهاتەكان و جۆراوجۆریی كۆمەڵایەتی و ئاینی و نیشتمانی لە سووریا پارێزراو بێت، جیا لە پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی هەموو پێكهاتەكانی گەلی سووریا و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، بەتایبەتی لە دوای رووداوەكانی بەسەر تایفیەی عەلەوی هات. 

بەپێی سەرچاوەكە سوودانی داوای كردووە حكوومەتی سووریا هەنگاوی كردەنی و رژد لە دژی داعش بنێت، دیدارەكە یەكەمینە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا لە هەشتی مانگی كانوونی یەكەمی 2024، بەر لە رۆژێك دێت لە بانگەشەكردنی فەرمیی سوودانی بۆ شەرع بۆ بەشداریكردن لە كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا لە مانگی ئایاری داهاتوو و رای گەیاند كە شەرع پێشوازیكراوە لە بەغدا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل