ئەمەریكا سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار و هەڕەشەی سەربازی لە دژی ئێران بەكاردێنێت و باسی ئەوەش دەكات كە لە پەنابردن بۆ رێگەچارەی سەربازی پەلەی نییە، ئەوەش پێش دوو رۆژ لە دووەم گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بە میانگیریی عەمان لە رۆمای پایەتەختی ئیتاڵیا.
دوای ئەوەی دوێنێ رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی راپۆرتێكی لەبارەی نیازی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بڵاو كردەوە، بەوەی ترەمپ دوای خستووە، سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، لە هێرشكردنە سەر تاران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەی پەلەمان نییە، ئیسرائیل لە نیازی هێرشكردنە سەر ئێران پاشگەز نەبووەتەوە، بەڵام من پەلەم نییە، چونكە وای دەبینم كە ئێران هەلێكی لەبەردەمە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێكی مەزن، بەڵام ناكرێ ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
روونی كردەوە، نیازی ئەوەمان نییە ئێرانییەكان لە پیشەسازی و خاكەكەیان بێبەش بكەین، ئێمە تەنیا هەوڵ دەدەین نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، ئەمەریكا دەیەوێ ئێرانێكی ئاوەدانتر بینێت و ئەو بابەتەش بە دەستی ئێرانییەكانە كە باش بە بژارەكەی تر دەزانن كە بۆیانمان ناوێت، ئێران خوازیاری گفتوگۆیە لەگەڵ ئەمەریكا.
بەپێی راپۆرتەكەی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"، ئیسرائیل سێ جار لە سەردەمی جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكانی پێشوو و ئێستەی ئەمەریكا هەوڵی داوە بە هاوبەشی لەگەڵ واشنتن هێرش بكەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و وێرانی بكەن، بەڵام هەرسێ جار ئەمەریكا رازی نەبووە، دوایین جار بڕیار بوو لە مانگی داهاتوو هێرشەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام ترەمپ پێی باشتر بووە دەست بە گفتوگۆ بكەن.