كەشناسیی عێراق: رۆژی دووشەم دابارین تەواوی عێراق دەگرێتەوە و هەورەتریشقەیشی لەگەڵ دەبێت

:: AM:09:57:18/04/2025 ‌
كەشناسیی عێراق پێشبینییەكانی خۆی بۆ كەشوهەوای چەند رۆژی داهاتوو لە تەواوی عێراق بڵاو كردەوە و بەپێی پێشبینییەكان سبەی لە چەند ناوچەیەكی دهۆك بارانێكی كەم و نمە دەبارێت و دووشەمیش لە تەواوی كوردستان و عێراق دابارین بە بڕی جیاواز پێشبینی دەكرێت و پلەكانی گەرمایش بەرەو بەرزبوونەوە دەچن. 

ئەمڕۆ هەینی 18ی نیسانی 2025، دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكیدا پێشبینی كردووە كە سبەی بەشێوەیەكی گشتی عێراق ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بوونی ئاسمانێكی هەوراوی لە چەند ناوچەیەكی باشور و ناوەڕاست، هاوكات نمەبارانی كەمیش لە دهۆك دەبارێت و پلەكانی گەرمایش لە تەواوی عێراق بەرەو بەرزبوونەوە دەچن. 

بەپێی راگەیەنراوی دەستەكە، سبەی بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیكراو بۆ كوردستان لە كەركووك دەبێت بە تۆماركردنی 29 پلە و دواتریش هەولێر بە 28 پلە، دهۆكیش لە بەرزترین باریدا 25 پلە تۆمار دەكات و سلێمانیش ساردترین شوێنی كوردستان دەبێت كە بەرزترین پلەی گەرمی تیایدا 24 پلە دەبێت، هاوكات لە عێراقیشدا بەرزترین پلەی تۆماركراو لە بەسرە دەبێت كە پلەكانی گەرما دەگەن بە 34 پلەی سیلیزی. 

لەبارەی كەشی رۆژی یەكشەمیشەوە ئاماژەی داوە كە لە ناوچەكانی باكور و ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتی ئاسمان هەوراوی دەبێت و بە پێچەوانەوەیش لە باشوور ئاسمان ساماڵ دەبێت و دووبارە پلەكانی گەرمایش بەراورد بە رۆژی پێشووتر بەرزتر دەبنەوە. 

لە كۆتا بەشی پێشبینییەكانی ئەمرۆی دەستەی كەشناسی عێراقیدا هاتووە، رۆژی دووشەم ئاسمان لە تەواوی عێراق هەور لەخۆی دەگرێت لەگەڵ دابارین لە تەواوی ناوچە و پارێزگاكانی عێراق و لە زۆربەی كاتەكانیشدا هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت و ئەمەیش "كوردستان، ناوەڕاستی عێراق و باشووریش دەگرێتەوە بەڵام بەبڕ و كاتی جیاوازی دابارینەوە".


وشە - پۆڵا مەحموود