سەدر وەڵامی سەركۆماری دایەوە: بەشداری هەڵبژاردن ناكەم

:: PM:02:10:18/04/2025 ‌
دوای ئەوەی ئەمڕۆ نامەیەكی سەركۆماری عێراق بڵاو كراوە كە تیایدا داوا لە سەرۆكی رەوتی سەدر دەكات پاشگەزبێتەوە لە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن و بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، سەدر وەڵامی دایەوە كە بەشداری لە هەڵبژاردنەكان ناكات، تەنانەت ئەگەر دواشبخرێت. 

ئەمڕۆ هەینی 18ی نیسانی 2025، لە وەڵامێكی موقتەدا سەدردا بۆ دكتۆر عەبدلەتیف رەشیدی سەركۆماری عێراقدا هاتووە، بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراق ناكەم و ئاماژەیشی داوە، ئەم وەڵامەم  مانای ئەوە ناگەیەنێت داوای دواخستن و هەڵوەشاندنەوەی كاتی هەڵبژاردن بكەم. 

ئەم وەڵامەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت كە دوو رۆژ لەمەوبەر و لە 16ی ئەم مانگەدا دكتۆر عەبدولەتیف رەشید سەركۆماری عێراق لە نامەیەكدا داوای لە سەدر كردبوو بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات و پەشیمان بێتەوە لە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن. 

جێگەی ئاماژەیە بە گوتەی خۆی، موقتەدا سەدر بە هۆكاری هەبوونی گەندەڵی بڕیاری دا بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق نەكات و ئاماژەیشی كردبوو كە عێراق لە كۆتا هەناسەكانیدا دەژیت. پێشووتریش لە حوزەیرانی 2022 سەدر بڕیاری پاشەكشەی دا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و 73 پەرلەمانتاری رەوتەكەی لە پەرلەمان كشاندەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود