ئەحمەد شەرع سەردانی بەغدا دەكات

:: PM:09:36:19/04/2025 ‌

دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە قەتەر چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا كەوت، ئەوان باسی چەند پرسێكی گرنگیان كرد، چوارشەمی رابردوو سوودانی رای گەیاند كە بانگەشەی شەرع دەكات بۆ بەشداریكردن لە كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا، بەپێی سەرچاوەیەكی سووریش شەرع بە داواكە رازی بووە.

تا ئێستە ئێران و میلیشیا شیعەكان رازی نین ئەحمەد شەرع سەردانی بەغدا بكات، هاوكات جیا لەو گفتوگۆیەی نێوان ئێران و ئەمەریكا، كە رەنگە وا بكات ئێران نەرمی بنوێنێت و چاوپۆشی بكات، حكوومەتی عێراق لە ژێر گوشارێكی گەورەی وڵاتانی ناوچەكە و عەرەبی و ئەمەریكایە بۆ كرانەوە بە رووی دیمەشق و پێشوازیكردن لە سەرانی ئیدارەی نوێی دیمەشق، لەوانە ئەحمەد شەرع، بۆیە رەنگە میلیشیا شیعەكان نەتوانن راستەوخۆ نارەزایەتی دەرببڕن و هەوڵ بدن لە رێگەی جەماوەرەكەیان و هاندانی شەقامی شیعە خەڵك لە دژی سەردانەكە بجووڵێننەوە.

بەپێی بەپرسێكی حكوومەتی سووریا، ئەحمەد شەرع بە شێوەیەكی سەرەتایی بە بانگهێشتنەكەی سوودانی بۆ سەردانیكردنی بەغدا و ئامادەبوون لە كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە مانگی ئایاری داهاتوو رازی بووە.

چوارشەمی رابردوو سوودانی لە میانی نۆیەم دیداری سلێمانی رای گەیاند كە بانگەشەی ئەحمەد شەرعی بۆ بەشداریكردن لە كارەكانی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا كردووە، كە لە 17ی ئایاری داهاتوو دێتە سازكردن، ئەوەش دوای رۆژێك لە سەردانیكردنی قەتەر و كۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ ئەحمەد شەرع و میری قەتەر، كە شارەزایان پێیان وایە عێراق گوشارێكی گەورەی وڵاتانی عەرەبی و توركیا و ئەمەریكای لەسەرە بۆ بانگەشەكردنی شەرع بۆ بەغدا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل