ئیسرائیل لە كوشتنی بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لبنانی بەردەوامە، تا ئێستە هەواڵگریی ئیسرائیل دووپاتی دەكاتەوە كە دزەی كردووەتە ریزەكانی ئەو دوو گرووپە، ئەمڕۆ یەكشەم كوشتنی جێگری فەرماندەی یەكەی 4400ی حزبوڵای لە لبنان راگەیاند.
ئەفیغای ئادرعی گوتەبیچژ بە ناوی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس رای گەیاند كە حوسێن عەلی نەسر جێگری فەرماندەی یەكەی 4400ی حزبوڵایان لە لبنان كوشتووە، ئەو كاری لەسەر بەهێزكردنەوەی توانا سەربازییەكانی حجزبوڵا لە رێگەی هێنانی بە قاچاغی چەك و تفاقی سەربازی بۆ ناو لبنان كردووە.
روونی كردەوە، ئەو پێوەندی لەگەڵ ئێران هەبووە بۆ گواستنەوەی پارە و چەك لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەیرووت بۆ حزبوڵا، پێوەندی لەگەڵ كرێكارانی فرشۆكەخانەكە هەبووە و یارمەتی حزبوڵایان لە كاری قاچاغی داوە، سەرپەرشتیی دەستەوارەكانی كڕینی چەكی لە قاچاغچییەكان لەسەر سنوورەكان لبنان و سووریا كردووە و لەبەڕێوەبردنی پرۆسەی دابینكردنی چەك بۆ حزبوڵا تێوەگلاوە.
ئەمە و پێشتریش سوپای ئیسرائیل محەمەد جەعفەر قەسیر فەرماندەی یەكەی 4400 و عەلی حەسەن غەریبی جێگرەكەیان كوشتبوو، لە بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەمیشەوە بۆردمانی باشووری لبنان دەكات.