ئیدارەی نوێی سووریا داوا لە ئەمەریكا دەكات سزاكانی لەسەر لابدات بۆ ئەوەی بتوانێت وڵاتەكە یەك بخات و بەڕێوەی ببات، ئەمەریكا چەند مەرجێكی بۆ دیاری كردووە، دیمەشق وەڵامی ئەمەریكای داوەتەوە و چاوەڕوانی هەڵوێستی واشنتنە، لە ماوەی رابردوو شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی سەردانی دیمەشقیان كرد و چاویان بە سەرۆكی كاتیی سووریا كەوت.
كوری میلز ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكی بە ئاژانسی "بلۆمبێرگ"ی راگەیاند، بەر لە چەند رۆژێك سەردانی دیمەشقمان كرد و چاوم بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا كەوت، پەیامێكمان لەوەوە بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گواستەوە، دەركەوت ئەو گرنگی بە بابەتی چوونە ناو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەدات.
زیاتر گوتی، 90 خولەگە لەگەڵ شەرع دانیشتین، ئەوەمان بۆ روون كردەوە كە ئیدارەی ئەمەریكا بەرانبەر بە سووككردن یان لابردنی سزاكانی سەر حكوومەتی سووریا و ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن چی لەو دەوێت، گفتوگۆكان ئەرێنی بوون و شەرع بە رووی گفتوگۆكردن لەبارەی مەترسییەكانمان كراوە بوو و پێی گوتین كە بەپێی گونجاویی دۆخەكە و مەرجەكان، سووریا گرنگی بە بابەتی چوونە ناو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی دەدات.
ئەو ئەندامەی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە داوامان لە شەرع كردووە بۆ لەناوبردنی هەر چەكێكی كیمیایی كە لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا ماوەتەوە، جیا لە هاوكاریكردن لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەسەركردنی بابەتی شەڕوانە بیانییەكان لە سووریا و دانی گەرەنتی بە ئیسرائیل بۆ پارێزراویی ئاسایشەكەی.