عێراق.. گەنجێك خۆی كردە قوربانی "ئیمام عەلی"

:: AM:09:44:25/04/2025 ‌
سەرچاوەیەكی پۆلیس رای گەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو "پێنجشەم لەسەر هەینی" گەنجێك لە باشووری عێراق كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، كە گەنجەكە پێوەندی بە كۆمەڵەی "قوربان"ی شیعییەوە هەبووە كە بە ئەنجامدانی تیروپشك كۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن و خۆیان دەكەنە قوربانی بۆ ئیمام عەلی.

بەپێی سەرچاوەكەی پۆلیس، گەنجێكی خوار تەمەن 20 ساڵ، بە بەكارهێنانی پەتێك لە یەكێك لە یاریگاكانی شاری عەمارە لە شارەدێی "كەمیت" كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و دوای رووداوەكەیش هێزە تەناهییەكان و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەكە و تەرمەكەیشی رەوانەی پزیشكی دادی كراوە و ئاماژە سەرەتاییەكان دەردەكەوێت كە گەنجەكە پێوەندی بە كۆمەڵەی "قوربان"ی شیعییەكانەوە هەبووە. 

كۆمەڵەی قوربان، كۆمەڵەیەكی شیعیین و لە ناوەڕاست و باشووری عێراق چالاكن، ئەوان پێیان وایە ئیمام عەلی پلەی خودای هەیە و ماوە ماوە تیروپشك ئەنجام دەدەن و هەر كەسێك ناوی لە تیروپشكەكە دەربچێت دەبێت خۆی بكاتە قوربانی بۆ "ئیمام عەلی" و كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. 

ئەم كۆمەڵەیە چەندان ئەندامیان لە شارەكانی واست، بەسرە، موسەنا و دیوانیە لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و بە گرووپێكی قەدەغەكراو دادەنرێن بەپێی رێسا و یاسا بەركارەكانی عێراق و لە ماوەی رابردوویشدا هۆكار بوون بۆ بڵاوكردنەوەی چەندان بیری توندوتیژی. 

كۆمەڵەی قوربان لە سالی 2020ـەوە دەركەوتوون و سەرەتای سەرهەڵدانیشیان بە دیاریكراوی لە پارێزگای زیقار بووە، سەركردەكەیان بە "مەولا" ناو دەبرێت و ئەوان بە رادەی لادان خۆشەویستیان بۆ "ئیمام عەلی" هەیە و دەڵێن: كێ دەڵێ "الله" ئیمام عەلی دروست كردووە؟ ... نەخێر ئیمام عەلی هەزار "الله"ی دروست كردووە.


وشە - پۆڵا مەحموود