ترەمپ: ئامادەم خامەنەیی یا پزیشكییان ببینم

:: PM:02:41:25/04/2025 ‌
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، وێڕای ئەوەی دووپاتی كردەوە كە نایەوێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، هاوكات ئاماژەیشی دا كە ئامادەیە چاوی بە خامەنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بكەوێت. 

ئەمڕۆ هەینی 25ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ دەزگا رۆژنامەوانییەكان رای گەیاند كە ئامادەییە چاوی بكەوێت بە هەر یەك لە سەرۆكی ئێران و رێبەری كۆماری ئیسلامی "خامەنەیی"، ئەمەیش وەك نیشاندانی نیازێك بەوەی كە دەیەوێت لەگەڵ ئێران رێكبكەوێت بێ ئەوەی هێرشی سەربازی ئەنجام بدات. 

ترەمپ لە لێدوانەكانیدا ئاماژەی دا كە هەڵگرتنی سزاكان لەسەر ئێران لەسەردەمی سەرۆكایەتی بایدندا رێگەی بۆ ئێران خۆشكردووە تا یارمەتی دارایی پێشكەشی حەماس و حزبوڵا بكات. 

ئەم قسانەی ئەمڕۆ ترەمپ لەكاتێكدایە، دوێنێش رای گەیاند كە تەنیا دوو رێگە لەبەردەم ئێراندایە "بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر باس بكات" ئاماژەی دا كە یەكێكیان زۆر خراپە.


وشە - پۆڵا مەحموود