لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیادا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقییەوە كە بەهۆیەوە بەرپرسێكی باڵای سەربازی گیانی لە دەست دا.
ئەمڕۆ هەینی 25 نیسان، سەرچاوە هەواڵییە فەرمیەكانی رووسیا بڵاوویان كردەوە لە ناوچەی "بالاشیخا" لە مۆسكۆی پایتەخت ئۆتۆمبێلێك لە ئەنجامی بۆمبڕێژكردنییەوە تەقییەوە و دەستبەجێ تیمەكانی لێكۆڵینەوە و هێزە پێوەنداركان گەیشتنە شوێنی روواوەكە.
وێڕای ئەوەی ئاژانسە فەرمییە رووسیەكان و لایەنە پێوەندارەكان ناوی قوربانیی تەقینەوەكەیان بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام سەرچاوە هەواڵییە لۆكاڵییەكان ئاشكرایان كردووە كە یارۆسلاڤ مۆسكالیك جێگری سەرۆكی ئۆپراسیۆنە سەرەكییەكان لە دەستەی ئەركانی گشتیی سوپا بەهۆیەوە گیانی لە دەست داوە.
لای خۆشییەوە ئاژانسی "بازا"ی رووسی وردەكارییەكەی بەم شێوەیە باس كردووە كە ئۆتۆمبێلێكی وەستاو بۆمبێكەی تێدا نێژراوە و كاتێك بەرپرسە باڵا سەربازییەكە بە نزیك ئۆتۆمبێلەكەدا رۆیشتووە، تەقێنراوەتەوە.
ئەم تەقینەوەیە لەكاتێكی هەستیاردایە، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ بڕیارە ڤلادمێر پووتینی سەرۆكی رووسیا لەگەڵ نێردەی ئەمەریكا كۆببێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ كۆتاییهنێنان بە جەنگی ئۆكراینا.