چەند خولەکێک لەمەوبەر تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز لە بەندەرێکی باشووری ئێران روویدا و دەگوترێ تەقینەوەکە لە هۆڵێکی گرنگی بەندەرەکە بووە و هاتوچۆی بازرگانی پەک خستووە.
ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی تەقینەوە رای گەیاندووە تەقینەوەکە لە هۆڵی ''شەهید رەجایی بەندەر عەباس'' بووە و زیانێکی زۆری بە هۆڵەکە گەیاندووە کە تایبەت بووە بە پێشوازیی گومرگی.
سەرچاوەکانی ئێران باسیان لە هۆکاری تەقینەوەکە نەکردووە و نووسیویانە دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەم رووداوە کراوە. هێشتا میدیاکان لەبارەی ئاماری قوربانییان هیچ زانیارییەکان بڵاو نەکردووەتەوە.
بەشێک لە میدیاکانی ئێران نووسیویانە تەقینەوەکە ئەوەندە گەورە بووە کە لە مەودای چەندان کیلۆمەتر دوورتر جامی باڵەخانەکان شکاوە و لە شارەکانی دەوروبەریش خەڵک گوێیان لە تەقینەوکە بووە.