دوێنێ ئێران تووشی رووداوێكی گەورە هاتەوە بە تەقینەوەی بەندەری رەجائی لە بەندەر عەباس و دیار نییە وردەكاری و هۆكارەكەی چۆن رادەگەیەنێت، ئەو تا ئێستە تەنیا راپۆرتە رۆژئاواییەكان لەبارەی بوونی سووتەمەنی مووشەك لە بەندەرەكە رەت دەكاتەوە و قەبارەی زیانەكان و ماتەمینی گشتی راگەیاندووە، پەرلەمانتارێكی ئێران ئیسرائیل بە وەستان لە پشت رووداوەكە تۆمەتبار دەكات.
محەمەد سیراج ئەندامی ئەنجوومەنی شورا (پەرلەمان)ی ئێران لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی "ركنا"ی ئێرانی چەند وردەكارییەك لەبارەی تەقینەوەكەی بەندەری رەجائی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، رووداوەكە ئاسایی نەبووە، ئاماژەی روون بۆ تێوەگلانی ئیسرائیل هەیە، دووپاتی كردەوە، سروشتی تەقینەوەكە كە لە چوار شوێنی جیاواز هاوكات لە بەندەرەكە روویان دا، ئاماژە بەوەی پێشوەختە تەقەمەنی لە ناو كۆنتێنەرەكان چاندراوە.
روونی كردەوە، ناكرێ ئەو تەقینەوە هاوكاتانە بە تەنیا سووتانی مادەی گڕگرتوو لێك بدرێتەوە، بگرە كارێكی ورد و رێكخراوی تێكدەرانە بووە، بۆمبڕێژكردنی كۆنتێنەرەكانیش رەنگە لە وڵاتی هاتوو كرابێت، یان لە كاتی باركردن و گواستنەوەی، یان لە رێگەی هەندێك لایەنی ناوخۆییەوە، بۆیە پلاندانانێكی روون بۆ كردنەئامانجی بەندەرەكە هەبووە لە ساتی گەیشتنی كۆنتێنەرەكان بۆ گەیاندنی گەورەترین زیان.
ئەو لێدوانە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، بەتایبەتی بەهۆی گەورەیی زیانەكانی تەقینەوەكە، كە دەیان كوژراو و سەتان برینداری لێ كەوتووەتەوە، جیا لە زیانی گەوەری مایەكی بە بەندەرەكە و تا ئێستە ئاگرەكەی كۆنترۆڵ نەكراوە و زیاتر لە 10 هەزار كۆنتێنەر سووتاون، ئەو بەندەرەی 85%ی هاتوچۆی كاڵاكانی ئێران لەو رێگەوەیە.