تا ئێستە هەوڵەكان بۆ ناسینەوەی ناسنامەی بەشێك لە قوربانیانی تەقینەوەكەی دوێنێی بەندەری رەجائی لە شاری بەندەر عەباسی ئێرانی بەردەوامە، پارێزگاری هورمزگان رای گەیاند كە دوایین ئاماری قوربانیانی تەقینەوەكە گەیشتووەتە 40 كوژراو و 1241 بریندار.
محەمەد ئاشووری پارێزگاری هورمزگان لە باشووری ئێران لە لێدوانێكی بۆ تەلەڤزیۆنی ئێران گوتی، هەوڵەكان بۆ ناسینەوەی ناسنامەی بەشێك لە قوربانیانی بەهۆی تەقینەوەكە سووتاون بەردەوامە، تا ئێستە 40 كوژراو و 1241 بریندار هەن، زیاتر لە 700لە برینداران چارەسەریان بۆ كراوە.
ئەمڕۆ پەرلەمانتارێكی ئێرانی، ئیسرائیلی بە تێوەگلان لە تەقینەوەكەی بەندەری رەجائی تۆمەتبار كرد، د. ئەحمەد شەریفی شارەزای تەناهیی عێراقیش دەڵێت، گفتوگۆكانی ئێستەی ئێران و ئەمەریكا بەتایبەتی باسی دۆسیەی مووشەكانی ئێران كراوە، بۆیە پێ دەچێت ئەو هێرشەی كراوەتە سەر بەندەر عەباس سووتەمەنی مووشەكی كردووەتە ئامانج، لەو ئاگرە گەورەی لە بەندەرەكە كەوتووەتەوە پێشبینی دەكرێت بەهۆی بۆردمانی راستەوخۆی ئیسرائیلەوە بووبێت.
روونی كردەوە، ئیسرائیل كار بۆ بەربەست دروستكردن بۆ هەر رێككەوتنێكی ئەمەریكا و ئێران دەكات، دیدی ئیسرائیل بەرانبەر بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لەوەی واشنتن جیاوازە و تەلئەبیب بە هەموو جۆرێك بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رەت دەكاتەوە و دەیەوێ لە بری لێكگەیشتن پەرەسەندن رووبدات.
ئەمڕۆ محەمەد سیراج پەرلەمانتاری ئێرانی لە باسی تەقینەوەكەی دوێنێ گوتی، رووداوەكە ئاسایی نەبووە و بەڵگەی روون هەیە بەوەی ئیسرائیل دەستی تیادا هەبووە، ئەگەری هەیە ئیسرائیل تەكنیكی پێشكەوتووی بەكار هێنابێت و لە لایەن مانگی دەستكرد یان لە دوورەوە كۆنترۆڵ كرابێت، ئەوان دەیانەوێ بەهەر رێگەیەك كار لە گفتوگۆكان بكەن، بەر لە چەند ساڵێك لە لبنان ئەمباری نیتراتی ئەمۆنیۆمیان كردە ئامانج، لە بەندەر عەباس دووبارەیان كردەوە، بەڵام زیانی كەمتر بوو.