عێراق و سووریا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون لەوانە پاراستنی شەرع

:: PM:10:51:27/04/2025 ‌

بڕیارە لووتكەی عەرەبی لە 17ی مانگی ئایاری داهاتوو لە بەغدا ساز بكرێت، ئەمڕۆ عێراق بە فەرمی بانگهێشتنامەی ئامادەبوونی دایە ئەحمەد شەرع بۆ سەردانیكردنی بەغدا، هاوكات هێزە شیعەكان وا خۆیان پێشان دەدەن كە دژی هاتنی شەرعن، كەچی ژێر بە ژێر رێككەوتنێكیان كردووە بۆ پاراستنی لە كاتی سەردانی بۆ بەغدا.

وەك رادیۆی مۆنتیكارلۆی نێودەوڵەتی بڵاوی كردەوە، چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایان كردووە لە سەردانی هەفتەی رابردووی حەمید شەتری سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی عێراق بۆ دیمەشق، چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا كەوتووە، لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون، لەوانە پلانێكی تەناهی بۆ پاراستنی گیانی شەرع لە كاتی سەردانی بۆ بەغدا لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ هاندانی بۆ بەشداریكردن لە لووتكەكە بە پاڵپشتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق.  

هەر بەپێی سەرچاوەكە لە خاڵەكانی تری لەسەری رێككەوتوون، تۆكمەكردنی پاراستنی مەزارە شیعەكان، بەتایبەتی ناوچەی سەیدە زەینەب لە دەشتی دیمەشق و پاراستنی نێردەی عێراق لەوێ و رێككەوتن لەسەر بڵاوكردنەوەی هێزی هەردوولا لەسەر سنوورەكان و دەست پێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لە نێوان هەردوو فڕۆكەخانەی بەغدا و دیمەشق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل