چوارەم گەڕی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە ئەوروپا دێتە سازكردن

:: PM:11:19:27/04/2025 ‌

شەمووی رابردوو سێیەم گەڕی گفتوگۆكانی ئەمەریكا و ئێران لە عومان ناراستەوخۆ بەڕێوە چوو و بەرپرسانی هەردوو وڵات لە وەسفكردنی گفتوگۆكان بە رژد بەردەوامن، رۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە پێشبینی دەكرێت چوارەم گەڕی گفتوگۆكان لە ئەوروپا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

رۆژنامەكە لە بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكای گواستەوە كە چوارەم گەڕی گفتوگۆكان لە ئەوروپا بە میانگیریی عومان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، بەڵام لایەنی ئەمەریكی پێویستی بە كات هەیە بۆ تاوتوێكردنی زانیاری و پێشنیازەكان كە لە لایەن ئێرانییەكانەوە دراوە و كراوە.

بەپێی سەرچاوەكە ئەمەریكا دەیەوێ گفتوگۆكان بگوازێتەوە شوێنێكی باشتر، ئەوە لەوكاتەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی ئێران لە دوای سێیەم گەڕی گفتوگۆكان دوێنێ شەموو رای گەیاند كە سەرەڕای ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا سەبارەت بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، بە پێشوەچوونەكان پێخۆشحاڵە.

گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران ناراستەوخۆ لە مەسقەتی پایەتەختی عومان لە 12ی ئەم مانگە دەستیان پێ كرد، دواتر دووەم گەڕی گفتوگۆكان لە رۆمای پایەتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو و دوێنێش سێیەم گەڕی گفتوگۆكان ساز كرا، چاوەڕوان دەكرێت گفتوگۆكان تا ماوەی 60 رۆژ كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە نامەكەی بۆ سەركردەكانی ئێرانی دیاری كرد، گفتوگۆكان بەردەوام بن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل