هێرشەكان بەردەوامن.. تا ئێستە ئەمەریكا 800 ئامانجی حووسییەكانی وێران كردووە

:: AM:09:45:28/04/2025 ‌
وەك فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریكا "سینتكۆم" ئاشكرای كردووە، لەوەتەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن، 800 ئامانجیان پێكاوە و وێرانیان كردوون، جیا لە كوشتنی سەتان چەكداری حووسییەكان و فەرماندەكانیان.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 28ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریكا رای گەیاند، لەوەتەی دەستیان بە هێرشەكانیان لە دژی حووسییەكانی یەمەن كردووە، 800 ئامانجیان وێران كردووە، هەروەها سەتان چەكدار و فەرماندەكانی حووسییەكانیان كوشتووە، لەناویاندا كوشتنی بەرپرسەكانی مووشەك و درۆنەكانیان.

ئەو فەرماندەییە زیاتر دەڵێت، لە هێرشەكانیان چەندان دامەزراوەی فەرماندەیی و كۆنترۆڵیان پێكاوە، هەروەها لێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دامەزراوەكانی دروستكردنی چەكی پێشكەوتوو. هەروەها وێرانكردنی كۆگەكانی چەكی پێشكەوتوو و سیستمی درۆن كە حووسییەكان لە هێرشەكانیاندا بۆ سەر كەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەكان بەكاریان هێناون.

ئەوەشی روون كردووەتەوە كە بەهۆی هێرشەكانی ئەمەریكا، هێرشی مووشەكی بالیستیی حووسییەكان 69% كەمی كردووە. هەروەها هێرشە درۆنییەكانیان 55% كەمی كردووە، چونكە ئەمەریكا بەشێكی زۆری مووشەك و درۆنەكانیانی وێران كردووە. هەروەها لێدانەكانی ئەمەریكا، زیانی زۆری بە بەندەری رەئس عیسا گەیاندووە كە لەو بەندەرەوە سووتەمەنی دەگەیشتە دەستی حووسییەكان. هێرشەكانیش بەردەوامن تا زۆر زیاتر لاوازیان دەكەن یان لەناویان دەبەن.

هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر حووسییەكان لە 15ی ئاداری رابردووەوە دەستی پێ كردووە، هێرشەكان بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان كراون، بەجۆرێك هەوڵ دراوە لە هێرشەكاندا زیان بە خەڵكی سڤیل نەگات.

لە مانگی نۆڤێمبەری 2024وە حووسییەكانی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، هەروەها فراوانبوونی شەڕەكە بۆ سەر لبنان و باشوورەكەی كە حزبوڵای لبنان كۆنترۆڵی كردبوو كە دواتر ئیسرائیل لاوازی كردن، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، هاوكات هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر كردووەتەوە، دواتریش ئیسرائیل و ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش حووسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوامن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د