لەوكاتەی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی بەردەوامە، تەقینەوەی شەمووی رابردووی بەندەری رەجائی لە بەندەر عەباس چەندان شرۆڤەكار و شارەزای هێنایە وەڵام و ئەوان باسیان لە سیناریۆی جیا جیا بۆ رووداوەكە كرد، بەتایبەتی بەهۆی كاتی تەقینەوەكە و هۆكار و قەبارەی زیانەكانی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت رووداوەكە بەهۆی كەمتەرخەمیی كارمەندەكانەوە بووە.
شارەزا و شرۆڤەكاران باسی چەند سیناریۆیەكیان بۆ تەقیەوەكەی بەندەری رەجائی كرد، لەوانە هێرشێكی ئیسرائیلە و ئەو بارەی تەقیوەتەوە بریتییە لە سووتەمەنیی مووشەك و ماوەیەكە لە چینەوە بۆ بەندەرەكە هاتووە، رەنگە بۆ هێرشی مووشەكی بۆ سەر ئیسرائیل بەكاری بێَت، زۆر جاریش ئێران ئەو جۆرە هێرشانە بە فەرمی و راستەوخۆ ناداتە پاڵ ئیسرائیل بۆ خۆلادان لە وەڵامدانەوەی و شاردنەوەی ئامانجەكە.
ئەمڕۆ دووشەم
ئەسكەندەر موئمینی وەزیری ناوخۆی ئێران رای گەیاند كە تەقینەوەكەی شەمووی بەندەری رەجائی گەورەترین بەندەری بازرگانیی ئێران، بەهۆی كەمتەرخەمی و گوێنەدان بە مەرجەكانی سەلامەتی رووی داوە، ئەو لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانی گوت، ناسنامەی هەندێك لە تۆمەتباران دیاری كراوە و گیراون، بەڵێ كەمتەرخەمی رووی داوە، بەتایبەتی لە پابەندنەبوون بە رێوشوێنە تەناهییەكان و پشتگوێخستنی رێنوێنییەكانی بەرگریی شارستانی.
ئەمڕۆ دووشەم هەوڵەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگری بەندەرەكە بەردەوام بوون، لەوكاتەی ژمارەی قوربانیان گەیشتە 46 كوژراو و زیاتر لە 1200 بریندار، دوێنێ رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە سەرچاوەیەكی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێرانی گواستەوە كە تەقینەوەكە بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە مادەیەكی زۆر سووتێنەر بووە، كە پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە سووتەمەنی رەقی مووشەك و ئەو بارە ماوەیەكە لە چینەوە گەیشتووەتە بەندەرەكەوە.