وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا باری نائاسایی راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی تەزووی كارەبا پچڕا و كاری كردە سەر سیستمەكانی پاراستن و ئاسایش و شەمەندەفەرەكان و لە چەند ناوچەیەكیش دزی و تاڵانی رووی داوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا باری نائاسایی لە تەواوی وڵاتەكە راگەیاند، جیا لە ئامادەسازیی هێزە تەناهییەكان لە دوای روودانی كاری دزی و تاڵانی بەهۆی پچڕانی تەزووی كارەبا و پەككەوتنی سیستمەكانی پاراستن و تەناهی.
پیدرۆ سانشیز وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا روونی كردەوە كە هۆكاری پچڕانی كتوپڕی وزەی كارەبا كە چەند وڵاتێكی ئەوروپای گرتەوە، دیار نییە، بۆیە هیچ لێكدانەوەیەك بۆ هۆكارەكەی بەدوور نازانین، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری بوونی دەستێك و كارێكی رێكخراوی تێكدەرانە.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا داوای لە هاووڵاتییان كرد مۆبایل كەمتر بەكار بێنن و تەنیا بۆ پێویستی پەنای بۆ ببەن بۆ پاراستنی شەحنی مۆبایلەكانیان، هاوكات تا ئێستە پرۆسەی رزگاركردنی ئەوانەی لەناو مەسعەدەكان گیریان خواردووە بەردەوامە.
شایەنی باسە ئەمڕۆ پچڕانێكی كتوپڕی تەزووی كارەبا چەند وڵاتێكی ئەوروپای گرتەوە لەوانە پورتوگال و فڕەنسا و تا ئێستە هۆكارەكەی دیار نییە، هەر بەهۆی پچڕانی كارەباوە لە ئیسپانیا شەمەندەفەرەكانی هێڵە ناوەند و دوورەكان وەستاون، ئەگەرچی كارەبا لە هەندێك ناوچە گەڕاوەتەوە، هاوكات دۆخەكە كاری لە فڕۆكەخانەكانیش كردووە.