ئەو كەسەی لە كاتی پرسەی سری سورەییا ئۆندەر پەلاماری ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی گشتیی جەهەپەی دا، ساڵی 2004 دوو منداڵی خۆی كوشتووە و بەو هۆیەوە 16 ساڵ زیندانی كراوە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، سەلجوق تەنگیئۆغڵوی تەمەن 66 ساڵ كە دوێنێ یەكشەم چواری ئایار، پەلاماری سەرۆكی جەهەپەی دا، 21 ساڵ لەمەوبەر موتڵوی كچی كە تەمەنی 16 ساڵ بوو لەگەڵ بارشی كوڕی كە تەمەنی 19 ساڵ بووە، بە چەك كوشتوونی و دوو منداڵی تریشی بریندار كردووە.
بەر لە كوشتنی دوو منداڵەكەی خۆی، سەلجوق تەنگیئۆغڵو چەندان جار بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرانبەر ئەندامانی خێزانەكەی و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر گیراوە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئاماژەی بەوەیش داوە، بەهۆی كوشتنی دوو منداڵ و برینداركردنی دوو منداڵی تر، ئەوكاتە سەلجوق تەنگیئۆغڵو بە گرتنی تاهەتایی حوكم دراوە و لە 2020 بە مەرجی دادوەری ئازاد كراوە.
كەناڵی خەبەرتورك لە زاری سەزگین تانریكوڵو پەرلەمانتاری جەهەپە بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی پەلاماردانەكەدا، پەلاماردەر گوتوویەتی "ئێمە ڕۆڵەی عوسمانییەكانین".
دوێنێ كاتێك بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی سڕی سورەییا ئۆندەر جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەسەر لیستی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئۆزگور ئۆزەل سەردانی هۆڵی كولتووری ئەتاتوركی كرد لە ئیستانبوڵ و پەلامار درا.