حووسییەكان هەڕەشەی زۆر توند لە ئیسرائیل دەكەن

:: AM:09:30:08/05/2025 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسیی حووسییەكانی یەمەن، بەڵێن دەدات كە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەكانی، وەڵامیان بوومەلەرزە دەبێت كە ئیسرائیل تەحەمولی ناكات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، مەهدی مەشات سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسیی حووسییەكان لەبارەی بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەریان، دووپاتی كردووە كە ئەگەر هێرشەكانیان رانەگرن، وەڵامدانەوەیەكیان بۆ ئیسرائیل دەبێت هاوشێوەی بوومەلەرزە، جۆرێك تەحەمولی نەكەن. بێ ئەوەی ئاماژە بە ئاگربەست لەگەڵ ئەمەریكا بكات كە پێشتر عومان رای گەیاندبوو.

مەهدی مەشات دووپاتی كردووەتەوە كە ئەگەر ئیسرائیل لە هێرشەكانی بۆ سەر یەمەن بەردەوام بێت، دەبێ چاوەڕێی وەلام لە حووسییەكان بكەن كە هاوشێوەی بوومەلەرزە بێت و ئازاری زۆریان پێ بگات. ئەویش لە بەیاننامەكەی مەشاتدا هاتووە.

دوای ئەوەی حووسییەكان بڕیاری وەستانی شەڕیان بەرانبەر بە ئەمەریكا راگەیاند كە لە رێگەی هێرش بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور بوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، حووسییەكان دەڵێ شەڕیان ناوێ، بۆیە دەستبەجێ بڕیاری وەستانی هێرشەكانمان دا، ئەوەیش هەواڵێكی باشە.

بەڵام محەمەد عەبدولسەلام گوتەبێژی حووسییەكانی یەمەن دووپاتی كردووەتەوە، چالاكییە سەربازییەكانیان لە دژی ئیسرائیل بەردەوامیی دەبێت كە هاوپەیمانی ئەمەریكایە، بۆیە هەڵوێستیان بۆ پاڵپشتیی غەزە بەهیچ شێوەیەك گۆڕانكاریی بەسەردا نایەت.

لە مانگی نۆڤێمبەری 2024وە حووسییەكانی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، هەروەها فراوانبوونی شەڕەكە بۆ سەر لبنان و باشوورەكەی كە حزبوڵای لبنان كۆنترۆڵی كردبوو كە دواتر ئیسرائیل لاوازی كردن، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، هاوكات هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر كردووەتەوە، دواتریش ئیسرائیل و ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.

لە 15ی مانگی ئاداری رابردووەوە كە ئەمەریكا هێرشەكانی بەسەر حووسییەكان دەست پێ كرد، تا حەوتی ئایار زیاتر لە هەزار هێرشی كردە سەر پێگە سەربازی و ئابوورییەكانی یەمەن و حووسییەكان، دواتریش حووسییەكان خۆیان رادەست كرد و داوایان لە ئەمەریكا كرد هێرشەكانی بوەستێنێت، چەونكە ئیتر ئەوان شەڕیان ناوێت، بۆیە ئەمەریكا دەستبەجێ هێرشەكانی وەستاند.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د