لەبارەی تیرۆركردنی سری سورەیا ئۆندەر دەم پارتی روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

:: PM:01:18:08/05/2025 ‌
لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی سری سورەیا ئۆندەر دەم پارتی رای گەیاند، سێ مانگ بەر لە ئێستە تایەی ئۆتۆمبێلەكەی ئۆندەر ئاسنێكی تیژی پێوە كرابوو، گومان هەبوو هەوڵی لەناوبردنی ئۆندەر درابێت.

دوای مردنی سری سورەیا ئۆندەر، هەواڵی تیرۆركردنی بەشێوەی جیاواز بڵاو دەكرێتەوە، لەمبارەیەوە دەم پارتی روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە.
 
دەم پارتی دەڵێت: لە دووی نیسان كارمەندی گەراجێك بە بیستنی دەنگێك لە تایەی ئۆتۆمبێلەكەی ئۆندەر، كەوتووەتە گومانەوە و دواتر ئۆتۆمبێلەكەی بردووە بۆ خزمەتگوزاریی چاككردنەوە.

پارتی دەم باسی لەوەش كردووە، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت یەكێك لە تایەكانی دواوەی ئۆتۆمبێلەكەی ئامێرێكی تیژی لە ئاسن دروستكراو بەتایەكەوە جێگیر كراوە كە توانای هەبووە تایەكە بتەقێنێت.

دەم پارتی ئەوەشی خستووەتە ڕوو،  ئۆندەر لە كاتی خۆیدا رووداوەكەی بۆ پارتەكەی گێڕایەوە و لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ كرا.

ئەو حزبە كوردییە دەشڵێت، بۆ بەڵگەی رووداوەكەوە چووینە لای لایەنە پێوەندیدارەكان و هەموو بەڵگەكانمان خستنە بەردەست، لەوكاتەوە ئێمە و ئۆندەریش لە نزیكەوە چاودێریی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لایەنی تەناهیی بووین، بەڵام بەهۆی هەستیاریی دۆسیەكەوە بابەتەكەمان بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكرد."

دەم پارتی لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیشەوە ئاماژەی بەوە كردووە، تا ئێستە هیچ ئەنجامێك لەبارەی لێكۆڵینەوەكان بە پارتەكەیان نەدراوە.

سڕی سوورەیا ئۆندەر، دوو هەفتە دوای ئەو رووداوە و شەوی 15ـی نیسان، جەڵتەی دڵ لێیدا و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە كرا.

پاش چەند رۆژێك دۆخی بەرەو خراپتر رۆیشت و سەرەڕای هەوڵەكان كە بە هۆشی نەدەكردەوە، ئەوەبوو پاش 18 رۆژ مانەوە لە یەكەی چاودێریی چڕ، گیانی لە دەست دا.



وشە - سۆران عەزیز