وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەم محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پێشوازی لێ كرا، لە میانی سەردانەكە 10 یاداشتی لێكگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات واژوو كران.
هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی توركیا سەرپەرشتیی واژووكردنی
10 یاداشتی لێكگەیشتنیان لە چەند بوارێكی ستراتیجی لە نێوان هەردوو وڵات كرد بۆ بەهێزكردنی هاریكاریی نێوانیان، لەوانە لە بواری پیشەسازیی بەرگری و ئاڵوگۆڕیی شارەزایی، گەڕانەوەی خۆویستانەی هاووڵاتییانی عێراق لە توركیا، هاریكاری لە بواری دادوەری.
هەروەها هاریكاری لە بواری نەهێشتنی بازرگانیی نایاسایی و مادەی هۆشبەر، كردنەوەی لقی زانكۆ توركییەكان لە بەغدا و بەسرە، هاریكاری لە بواری كاری فریاگوزاری و كاتی كارەساتەكان و پێوەندییە گشتی و دیجیتاڵییەكان، چالاكییەكانی پێوانە و كۆنتڕۆلی جۆری و هاریكاری لە مەشقی وەزارەتی ناوخۆ.
ئەمڕۆ پێنجشەم سوودانی و ئەردۆغان لە ئەنقەرە باسی پێوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵاتیان كرد، جیا لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی پێشوو لە نێوانیان، كە لە میانەی سەردانەكەی نیسانی 2024ی ئەردۆغان بۆ بەغدا واژوو كران.