سوودانی لە توركیا: پەكەكە گرووپێكی قەدەغەكراوە

:: PM:07:04:08/05/2025 ‌

دوای سەردانەكەی ئەمڕۆ پێنجشەمی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و سەرپەرشتیی واژووكردنی 10 یاداشتی لێكگەیشتن، ئەو رای گەیاند كە پەكەكە گرووپێكی قەدەغەكراوە و رێگە بە هیچ لایەنێك نادەن لە خاكی عێراقەوە دەستدرێژی بكاتە سەر وڵاتانی دراوسێ. 

ئەمڕۆ سوودانی و ئەردۆغان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان لە ئەنقەرە ساز كرد و تیشكیان خستە سەر چەند بابەتێكی گرنگ لای هەردوولا، سوودانی رای گەیاند كە هەڵوێستی عێراق بەرانبەر بە پەكەكە روونە و ئەو گرووپێكی قەدەغەكراوە، هاوكات پێشوازی لە پرۆسەی داماڵینی چەكی حزبەكە دەكەین و رێگە بە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ دەستدرێژیكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ نادەین.

روونی كردەوە، لە ئەنقەرە تاوتوێی بابەتی تەناهیمان كرد، پێوەندیی ئێمە لەگەڵ توركیا پێوەندییەكی دراوسێیەتییە و هەرچەند دۆخەكە بگۆڕێت ئەو پێوەندییە هەر دەمێنێت، باس و پێداچوونەوەمان بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان كرد و بەنیازین دەستەیەك بۆ ئەو پڕۆژە پێك بێنین.

دووپاتی كردەوە، سەردانم بۆ توركیا گفتوگۆی رژدی لە چەند بوارێك گرتەوە، ژمارەیەك یاداشتی لێكگەیشتنمان لە بواری جیاجیا واژوو كرد، پێویستە لێكتێگەیشتنێكی دادوەرانە لە دۆسیەی ئاو هەبێت، روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق وەك بەشێك لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق سەیری سووریا دەكات. 

لای خۆیەوە ئەردۆغان لە كۆنگرەكەدا گوتی، لە بەهێزكردنی هاوكاری لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبین، لە دوای سەردانەكەی ساڵی رابردووم بۆ بەغدا پێوەندییەكانمان گەرموگوڕتر بووە، ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی توركیا و عێراق لە ساڵی رابردوو گەیشتە 18 ملیار دۆلار و هیوامان وایە هاریكاریی لە بواری كارەبا زیاتر بكەین.

ئەردۆغان سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دووپات كردەوە و ستایشی دانایی سوودانی كرد بەهۆی هەڵوێستەكانی بەرانبەر بە پرسەكانی ناوچەكە، دووپاتی كردەوە كە بەغدا فاكتەرێكی گرنگی سەقامگیریی ناوچەكەیە، رای گەیاند كە پێشوازی لە رۆڵی عێراق لە سەقامگیریی ناوچەكە دەكەین.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل