هیندستان پەنای بۆ چەكی ئاویی برد " دەیەوێ پاكستان بخنكێنێت"

:: PM:02:33:09/05/2025 ‌
بەهۆی گرژییەكانی نێوان پاكستان و هیندستانەوە، دەسەڵاتدارنی هیندستان چەكێكی نوێی سروشتی بەرانبەر پاكستان بەكار دەهێنن و تەواوی دەرگاكانی بەنداوی سالالییان كردووەتەوە و ئاوەكەیان بە ئاڕاستەی رووباری "تشێناب" بەرداوەتەوە لە ناوچەی ریاسی بەجامۆ و كشمیر. 

ئەم هەنگاوەی هیندستان ترسێكی گەورەی لای دەسەڵاتدارانی پاكستان دروست كردووە بەوەی كە رەنگە ئەم كارەی هیندستان ببێتە هۆی دروستبوونی لافاوێكی گەورە لەو ناوچانەی پاكستان كە دەكەونە سەر رووبارەكە. 

ئەم ترسەی پاكستان بە تایبەت لەو كاتەوە سەری هەڵداوە، كاتێك دەسەڵاتدارانی هیندستان كە لەوە دەچێت بە ئەنقەست بێت بڕێكی یەكجار گەورە ئاویان لەناكاو لە هەردوو بەنداوی "باغلیهار و سالال" بەرداوەتەوە، كە ئەمەیش وا دەكات ئاستی ئاوی رووبارەكە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەرز ببێتەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو و مەترسی بۆ سەر پاكستان. 

وێڕای ئەوەی بەتاڵكردنەوەی ئاوی هەردوو بەنداوەكەی هندستان كارێكی رۆتینی ساڵانەیە، بەڵام لەم كاتەدا بە هۆكارێكی سیاسیی دادەنرێت، بە تایبەت لەوكاتەیدا كە ساڵانی پێشووتر هیندستان بەشێوەیەكی ئاسایی لە مانگی ئابدا ئەم كارەی كردووە. 

جێگەی ئاماژەیە هەردوو بەنداوی باغلیهار و سالال وەك پڕۆژەیەكی ئاودێری گرنگ لەلایەن هیندستانەوە دروستكراون و بەمهۆیەیشەوە هیندستان لەرووی یاساییەوە مافی كۆنترۆڵكردن و چۆنیەتی شێوازی بەكارهێنانی ئاوەكەی هەیە هەر كاتێك بیەوێت. 

لەكاتی دروستكردنی ئەم بەنداوانەدا پاكستان زۆر دژی ئەم هەنگاوەی هیندستان بوو، بە جۆرێك لای بانكی دراوی نێودەوڵەتی سكاڵای لە هیندستان كرد.


وشە - پۆڵا مەحموود