عێراق بۆ توركیا: فریامانكەون و هاوینێكی سەختی وشكمان لە پێشە

:: PM:02:35:09/05/2025 ‌
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق هۆشداری دا كە هاوینێكی سەختی وشك چاوەڕێی عێراقە و بەم هۆیەیشەوە داوای یارمەتی لە توركیا كردووە. 

ئەمڕۆ هەینی نۆی ئایار، عۆن زیاد عەبدوڵا وەزیری سەرچاوەكانی ئاو بە ماڵپەڕی "رابیعە"ی راگەیاندووە كە عێراق بە ساڵێكی وشكی سەخت تێپەڕ دەبێت كە پێویست بە پاڵپشتی دەكات بۆ چارەسەری و ئاماژەیشی دا كە بابەتی ئاو و قەیرانی وشكەساڵی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ لایەنی توركی بە گرنگییەوە باسی لێوەكراوە لە گەشتەكەی بۆ توركیا. 

بەپێی قسەی وەزیرە عێراقییەكە، شاندی عێراقی بۆ لایەنی توركی باسیان لەو بارودۆخە ناهەموارەی عێراق كردووەتەوە كە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لای خۆشیەوە لایەنی توركی وەڵامی ئەرێنی و تێگەیشتنیان بۆ بابەتەكە هەبووە. 

وەزیری سەرچاوەكانی ئاو دووپاتی كردووەتەوە كە هاوینێكی سەختی وشك بۆ عێراق لە رووی بێئاوییەوە چاوەڕێی عێراق دەكات و لەلایەن توركیایشەوە بەڵێنی پاڵپشتیكردن بە عێراق دراوە بۆ كەمكردنەوەی ئالنگارییەكانی ئەم قەیرانە سەختە سروشتیە.


وشە - پۆڵا مەحموود