گفتوگۆی ناراستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە 12ی نیسانی رابردوو دەستی پێ كرد، تا ئێستە سێ گەڕی بەڕێوە چووە و چوارەم گەڕ لەبەر هۆكاری رانەگەیەندراو دوا خرا، بڕیارە سبەی چوارەم گەڕ لە عومان بەڕێوە بچێت، سەرچاوەیەكی ئێرانی ئاماژە دەكات كەشوهەوای گفتوگۆكان باش نییە و ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆكانی سبەی هەیە.
سەرچاوەیەكی ئێرانی ئاماژەی كرد، گەڕی چوارەمی گفتوگۆكان لە ناو كەشوهەوایەكی ئاڵۆزی بەڕێوە دەچێت، كاتێك واشنتن لەسەر هەڵوێستی رەتكردنەوەی مافی تاران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامە، بۆیە هەلی سەركەوتنی سنووردارە، شاندی ئێران بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە لێدوانەكانی ستیڤ ویتكۆف نێردراوی واشنتن كە رای گەیاند وڵاتەكەی ددان بە مافی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم دانانێت، ئەوەش پێچەوانەی بڕگەكانی پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمییە.
روونی كردەوە، ئەگەر ئەو بۆچوونە هەڵوێستی كۆتایی ئەمەریكا بێت، دەبێتە هۆی شكستهێنانی گەڕی سبەی گفتوگۆ كان بەر لە دەست پێكردنی، چونكە تاران دەستبەرداری مافی خۆی لە بوون بە خاوەنی بەرنامەیەكی ئاشتیانەی تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی نابێت.
سەرچاوەكە لێدوانەكانی ویتكۆفی بە قبووڵنەكراو وەسف كرد بەوەی ئەمەریكا بە دوو پێوەر پێوانە دەكات، بۆ ئێرانی قبووڵ ناكات و گفتوگۆ لەگەڵ سعوودیە دەكات بۆ بوون بە خاوەنی بەرنامەیەكی پیتاندن لەسەر خاكەكەی.
دووپاتی كردەوە هەر رێككەوتنێكی ستراتیجی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا هاریكاری بە بەهای ترلیۆنێك دۆلار لە بواری وزەی ئەتۆمی و سووتەمەنی بەردی و وزەی نوێبووەوە لەخۆ دەگرێت، دەكرێ ببێتە دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات.