چوارەم گەڕی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا دەستی پێ كرد

:: PM:04:48:11/05/2025 ‌

وەك میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ یەكشەم چوارەم گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریكا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە مەسقەتی پایەتەختی عومان دەستی پێ كرد، ئەوەش دوای دواخستنی بۆ هەفتەیەك.

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆكە تا ئێستە بەردەوامە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی ئێران كە ئەمڕۆ بە هاوەڵیی شاندێكی تەكنیكیی ئێرانی گەیشتە مەسقەتی پایەتەختی عومان گوتی، ئەگەر مەبەستی ئەمەریكا لە گفتوگۆكان بێبەشكردنی ئێران بێت لە مافە ئەتۆمییەكانی، ئەوە تاران بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر ئەو مافەی ناكات. 

لەوكاتەی بەدر بووسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان و میانگیری گفتوگۆكان دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ گفتوگۆكان لە مەسقەت دەست پێ دەكەنەوە، سەرچاوەیەكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەت و سەرۆكی شاندی ئەمەریكا بۆ گفتوگۆكان بەشداری لە گفتوگۆكان دەكات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی ئێران بە هاوەڵی شاندێكی تەكنیكیی ئێران گەیشتووەتە مەسقەت بۆ چوارەم گەڕی گفتوگۆكان.

ئەمە و بڕیار بوو چوارەم گەڕی گفتوگۆی ناراستەوخۆی ئێران و ئەمەریكا لە 3ی ئەم مانگە لە رۆمای پایەتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆكاری لۆجیستی دوا خرا، لەوكاتەی هەینی رابردوو ویتكۆف دووپاتی كردەوە كە پێویستە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران هەڵبوەشێنرێتەوە، دوێنێ عێراقچی ئاماژەی كرد كە دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل