ئیسرائیل هێرشی كردە سەر بەندەرەكانی یەمەن

:: PM:09:46:11/05/2025 ‌

ئەمڕۆ ئیسرائیل رای گەیاند كە لە هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر یەمەن بەردەوام دەبێت، هەر ئەمڕۆ ئاگەداری دانیشتووانی سێ بەندەری یەمەنی كرد كە هێرشیان دەكاتە سەر و چۆڵ بكرێن، ئەمشەویش هێرشەكەی جێبەجێ كرد و دەیان فڕۆكەی جەنگیی ئیسرائیلی چەند بەندەرێكی یەمەنیان بۆردمان كرد، لەوانە بەندەری رەئس عیسای نەوتی لە پارێزگای حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن.

بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل وریاكردنەوەیەكی بەپەلەی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەركرد كە لە بەندەرەكانی یەمەن لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەكان نیشتەجێن، بە تایبەتی رەئس عیسا و حودەیدە و سلێف، داوای لێ كردن چۆڵیان بكەن، چونكە بۆردمانیان دەكات، بەو هۆیەی ئەو بەندەرانە لە لایەن حوسییەكان بۆ هێرشكردنە سەر رێڕەوی دەریاوانی بەكاردێن، بۆیە پێویستە خەڵكەكە و ئەوانەشی لەوێ كار دەكەن دوور بكەونەوە.

بەپێی میدیاكان ئەمشەو ئیسرائیل لە رێگەی دەیان فڕۆكەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر بەندەركانی یەمەن لەوانەی لە ژێر دەستی حوسییەكانن، لەوانە رەئس عیسا و حودەیدە و سلێف، 10 ئامانجی لە رەئس عیسا پێكاوە و لە حودەیدە بەهۆی بۆردمانەكانەوە كارەبا و پێوەندییەكان بڕاوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل