بڕیارە سبەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەردانێكی چەند رۆژی بۆ هەریەك لە سعوودیە و قەتەر و ئیمارات دەست پێ بكات، جیا لەوەی شارەزایان باسی ئەوە دەكەن كە چەندان رێككەوتن و دەستەوارەی ملیار دۆلاری چاوەڕوانی ترەمپ دەكات، راپۆرتەكان دەڵێن قەتەر فرۆكەیەكی مەدەنی دەكاتە دیاری بۆ ترەمپ كە بەهاكەی 400 ملیۆن دۆلارە.
راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن
ترەمپ دیارییەكەی قەتەر، كە فڕۆكەیەكە لە جۆری "بۆینگ 8-747"، قبووڵ دەكات، لە ماڵباتی ئەمیریی قەتەر پێشكەش كراوە، دەكرێ فڕۆكەكە بكرێتە فڕۆكەی تایبەتی سەرۆكایەتی تا پێش كۆتاهاتنی ماوەی دەسەڵاتی لە2029، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ هەستی بە بێئومێدییەكی گەورە كرد لە دواكەوتنی ئامادەبوونی فڕۆكەی تایبەتی سەرۆكایەتی.
جیا لەوەی وڵاتانی كەنداو كێبەركێیانە لەسەر راكێشانی لایەنگریی و بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەمەریكا و ترەمپ، قەتەر دەیەوێ رۆڵی وەك میانگیر لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بمێنێت، كە بووەتە مایەی توڕەیی ئیسرائیل، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە كاتی سەردانی ترەمپ بۆ قەتەر دیارییەكەی پێشكەش بكرێت.
هاوكات قەتەڕ دەیەوێ ئەو گرژییەی لە یەكەم ماوەی دەسەڵاتی ترەمپ لەگەڵی دروست بوو، نەمێنێت كە بە پاڵپشتیكردنی ئیسلامییەكان، لەوانە حەماس تۆمەتبار دەكرێت، قەتەڕ ترسی لەوە هەیە ترەمپ لەسەر داوای ئیسرائیل گوشار بخاتە سەر دۆحە بۆ سەرپشككردنی حەماس لە نێوان قبووڵكردنی ئاگربەست و ئازادكردنی بێ پێشمەرجی بارمتەكان و جێهێشتنی خاكی قەتەر و گەڕان بە دوای وڵاتێكی تر بۆ سەركردە سیاسییەكانی.
بەرپرسانی قەتەڕ دەڵێن فڕۆكەكە دیاری وەزارەتی بەرگریی قەتەڕە بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا، واتە دەستەوارەیەكە لە نێوان هەردوو حكوومەت و كەسی نییە، لەوەكاتەی راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن بەهای فڕۆكەكە 400 ملیۆن دۆلارە، كێشەیەك هەیە لەبارەی یاسایی ئەو كارە، چونكە دەستووری ئەمەریكا قبووڵكردن و وەرگرتنی دیاری و پاداشتی كەسیی لە بەرپرسە حكوومەتییەكان بێ رەزامەندیی كۆنگرێس قەدەغە كردووە.